![](/content/upload/1/news/77666_w920.jpg)
کۆمەڵێک لە خانەنشینانی پیشەسازیی پۆڵا و کانزا و ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری ئێران بەڕيوە برد، ئەم کۆبوونەوانە بە هۆی بەردەوامیی بێتوانایی کۆماری ئیسلامی لە وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خانەنشینان سەری هەڵ داوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان کۆبوونەوەی خانەنشینان لە شارەکانی وەکوە ئێسفەهان، ئەهواز، تاران و شووش بەڕێوە چوو.
خانەنشینانی پیشەسازی پۆڵا و کانزا لە بەردەم بینای خانەنشینانی ئیسفەهان کۆبوونەوە و بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.
ئەو کۆمەڵە خانەنشینانە وێڕای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیانیان، داوای جێبەجێکردنی "چاکسازی و یەکسانکردن"ـی مووچەکانیان و هەروەها دانی مووچە پاشەکەوت کراوەکانیان و سەرچاوەی دارایییەکانیان کرد.
چارەسەری پزیشکیی بێبەرامبەر و دانی جەژنانە کە یەکسانە بە لانیکەم دوو هێندەی مووچەکەیان داواکارییەکانی دیکەی خانەنشینانی پیشەسازی پۆڵا و کانزاکان بوو.
هەروەها خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ئەهواز لە بەردەم بینای پارێزگای خووزستان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بارودۆخی سەخت و تاقەتپڕووکێنی ژیانیان و بەردەوامیی گوێنەدانی دەسەڵاتداران بە بارودۆخی ژیانیان دەربڕی.
خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شاری شووش لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە کۆ بوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا دروشمی "کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت" و "تەنیا لە ڕێگەی شەقام مافەکانمان بەدەست دەهێنینـ"یان وتەوە.
لەم پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی ئیلنا بڵاوی کردەوە، ئەم کۆمەڵە خانەنشینە داوای باشترکردنی دۆخی ژیانیان لەسەر بنەمای هێڵی هەژاری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەرامبەر، و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ژیانیان کردووە، هەروەها ڕایانگەیاندووە کە هەڵاوسانی بێوچان و بەهای دۆلار کە هەمیشە لە زیادبووندایە، کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک داناوە.
لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک لە خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سەرەڕای بارینی بەفر لە تاران کۆ بوونەوە و بەدوای داواکارییەکانیاندا کەوتن.
سەندیکای کرێکارانی ئازاد لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی کە، نەورۆز زەبیحی خانەنشینکراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە تاران، لە کاتی کۆبوونەوە لە بەردەم بینای ئەو ڕێکخراوە لە تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.
کۆنفدراسیۆنی کرێکارانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار سەبارەت بە دۆخی کرێکاران، مووچەخۆران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا نووسیبووی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٢ هەزارو ٣٩٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ١٦٩ مانگرتن گشتی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بەڕێوەچووە.