کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئیسرائیل: باشترین چارەسەر بۆ کێشەی ئەتۆمیی ئێران، ڕێککەوتنێک لە شێوەی ڕێککەوتنی لیبییە

21:20 - 22 رێبەندان 2724

یەحیەئیل لیتر، باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، ڕێککەوتنێک لە هاوشێوەی ڕێککەوتنی ئەمریکا و لیبی لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی، بە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران دەزانێت.
لیتر ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان لە وتووێژێک لەگەڵ  کاناڵی فاکس نیووز ڕایگەیاند کە بابەتی ئێران یەکێک لە گرینگترین تەوەرەکانی هاوکاریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە چوار ساڵی داهاتوودا دەبێت.
باڵوێزی ئیسرائیل لەم وتووێژەدا و سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران زیادی کرد، نە ئیسرائیل و نە ڕۆژاوا ناتوانن لەگەڵ ئێرانێکی ئەتۆمی ژیان بکەن و جەختیشی کردەوە کە واشینگتۆن و تێلاڤیڤ بە هاوکاریی یەکتر لەم پێوەندییەدا کردەوەیان دەبێت.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پشتڕاستی کردووەتەوە، "تەنیا یەک ڕێککەوتن چارەسەری کێشەی ئەتۆمیی ئێرانە و ئەویش ئەوەیە کە هاوشێوەی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ لیبی، هەر چەشنە ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئێران کۆ بکرێتەوە و ژێرخانە ئەتۆمییەکانی لە نێو ببرێت".
ئەم باڵوێزەی ئیسرائیل جەختیشی کردووەتەوە کە گرینگترین بابەت ڕێگریکردن لە ئاخوندەکانی تارانە تاکوو دەستیان بە چەکی ئەتۆمی نەگات.
ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی موعەمەر قەزافی، دیکتاتۆری پێشووی لیبی، پاش چەند ساڵ ململانێ لە سەر بابەتی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەمریکا ڕێک کەوت.
قەزافی لەم ڕێککەوتنەدا ڕێگەی بە چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دا تاکوو سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی لیبی بکەن.
 هەروەها هەموو ئورانیۆمی پیتێندراوی لیبی بۆ ڕووسیە ڕاگوێزرا و کەرەستە ناوکییەکانی ئەم وڵاتە، وەک سانتریفیووژەکان، ڕادەستی ئەمریکا کران.
دۆناڵد ترامپ لە دوایین لێدوانی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر تاران بیهەوێت کێشە ئەتۆمییەکەی لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکات، ئیسرائیلیش ئێران بوردومان ناکات.
هاوکات عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، هەر چەشنە وتووێژێکی لەگەڵ ئەمریکادا بە کارێکی دوور لە "زیرەکی" و "شەرەف" لە قەڵەم داوە و جەختیشی کردووەتەوە کە دانوستان لەگەڵ ترامپ هیچ سوودێکی بۆ ئێران تێدا نییە.
پاش ئەم قسانەی خامنەیی، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک لەهەمبەر وتووێژکردن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپدا، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و هەر چەشنە ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا بە خەسار زانی.