کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ لوبنان بە مەبەستی ڕێگری لە گواستنەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا پشکنینیان بۆ دەکرێت

11:27 - 23 رێبەندان 2724

بە گوێرەی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، دەسەڵاتدارانی لوبنان بڕیاریان داوە بۆ ڕێگری لە ناردنی پارەی نەختیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی گرووپە نیابەتییەکانی لە عێراقەوە بۆ حیزبوڵڵا بە توندی پشکنینی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ ئەو وڵاتە بکەن.

 تلویزیۆنی ئەلحەدەس ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە لە درێژەی بڕیارێکی پێشوو بۆ پشکنینی وردی ئەو فڕۆکانەی کە لە ئێرانەوە دێن دراوە.

بەڕپرسانی ئەمنییەتی فڕۆکەخانەی بەیرووت، ئێوارەی ڕۆژی ٤ی بەفرانبار بۆ جاری دووهەم لە ماوەی حەفتەیەکدا پشکنینی وردی بۆ هەموو گەشتیارانی فڕۆکەی "ماهان ئەیر" کرد کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و لە بەیرووت نیشتەوە.

ئەم کارە دوای ئەوە بووە کە تۆڕێکی هەواڵی سعوەدیە بڵاوی کردەوە کە ئەو گەشتەی ماهان بۆ گواستنەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا بەکار هاتووە.

هەروەها لە بارەی ئەو پشکنینانەوە ڕاپۆرتگەلی جیاواز بڵاو کراوەتەوە و ڕاگەیەندراوە کە لەو پشکنینەدا جانتای دیپلۆماتکارێکی ڕێژیمی ئێران پشکنینی بۆ کراوە کە پووڵی لەلا بووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاندووە کە ئەو پارە بۆ تێچووی سەردانکردنەکەی بووە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ١٢ی ڕێبەنداندا بە پشتبەستن بە زانیاریی بەرپرسێکی بەرگری کە لەلایەن کۆمیتەی چاوەدێری ئاگربەست لە لوبنان قسەی کردووە، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل سکاڵای لە دژی ئەو کۆمیتەیە کردووە و ڕایگەیاندووە کە دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی دەیان ملیۆن دۆلاری کاشیان بۆ حیزبوڵڵا بۆ ئاوەدانکردنەوە و زیندووکردنەوەی ئەو گرووپە دابین کردووە.

هەروەها ئیسرائیل لە هەمان کاتدا سکاڵای لەوەش کردووە کە هاووڵاتییانی تورکیەش لە گواستنەوەی پارە لە ئیستەنبوڵەوە بۆ بەیرووت لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکاری حیزبوڵڵا دەکەن.