کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەقین لە قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا

11:52 - 23 رێبەندان 2724

کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەقین لە قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا

 

فریاد عیزەت‌پەنا

بە پێچەوانەی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژانە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن کە کابینەی پزشکیان، دۆخی ئابووری و سیاسی وڵاتی  سەقامگیر کردوە، بەڵام دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی ئێران تووشی بێدەرەتانیی زیاتر دەبن و ئاستی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەرزتر دەبنەوە. بە پێی زۆر لە شڕۆڤە و بۆچوونە جیاوازەکانیش سەبارەت بە دۆخی ئێران تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان بەسەر دەسەڵات لە ئاستی ئێراندا لە ئان و سات‌دایە.

لە ماوەیەی یەک ساڵی ڕابردوودا دۆخی خراپی بژێوی خەڵک و بێکاری بە تایبەت لە کوردستان و بەگشتی لە ئێراندا بەشێکی زۆری چین و تووێژەکانی ئێران بە تایبەت کاسبکاران و موچەخۆرانی دەوڵەتی وەزاڵە هێناوە، کە بە شێوازی مانگرتن و ناڕەزایەتیی مەدەنیانە و بە هاتنە سەر شەقام دژایەتی خۆیان سەبارەت بە دۆخی هەنوکەیی دەردەبڕن؛ لە بەرانبەردا دەسەڵاتدارانی تاران بە توندترین شێوە بەرەنگاریان دەبنەوە.

سیاسەتی هەڵەی ڕێبەرانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەستتێوەردان لە سیاسەتی وڵاتانی ناوچە و  هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای هیلالی شیعە بۆ ناوچەکە و دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، لە لایەکەوە بۆتە هۆی لاوازیی دەسەڵاتی ئێران و بەرەی مقاومەت لە ناوچەکە و بەگشتی  ئێرانی بەرەو دۆخێکی قەیراناوی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕاکێش کردوە و لە لایێکی تریشەوە بە هۆی گەمارۆ و گوشارە ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ سەر ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمەڵگای لەگەڵ بێ دەرەتانی و قەیرانی زیاتر ڕووبەڕوو کردۆتەوە.

بە پێی هێندێک لە سەرچاوەی ئامارە فەرمییەکان و بۆچوونی کارناسانی ئابووری لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا  بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی دانیشتووانی ئێران بە گشتی و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی کەسانی ناچالاک و بەساڵاچووەکان دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە حەشیمەتی بێکارەکان لە ئێران لە ۲۲ میلیۆن کەس و ڕێژەی بێکاری بۆ ٤٥ لە سەد بەرز بۆتەوە کە ئەو ئامارانە دەرەخەری دۆخی خراپی بژێوی ژیانی خەڵک و لاوازی کاربەدەستانی دەوڵەت لە بەڕێوەبەری حکومەت‌دایە. هێندێک جار ئەو ئامارە فەرمییانەی لە لایەن ناوەندە ئامارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا بڵاوی دەکرێنەوە چەواشەکارین و بە دوورن لە ڕاستییەکانی ڕێژەی بێکاری لە کۆمەڵگەدا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بێ متمانەیی زیاتری خەڵک و کۆمەڵگە سەبارەت بە دەسەڵات.

دابەزینی بایی تمەن و گەیشتنی نرخی دۆلار بە سنووری نەوەد هەزار تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە، کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی دەیان و سەدان کێشە جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی کردوە کە هەڵکشانی ڕێژەی زۆری خۆکوشتن و تەڵاق نموونەیەکی بچووک لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخەن. لە پەیوندی لەگەڵ زەقبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە بە پێی زانیاری هێندێک سەرچاوەی فەرمی  لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا، لە کۆی ٢٧٤ هەزار هاوسەرگیری تۆمارکراو لە ئێراندا، ١٠٨ هەزار حاڵەتیان هەڵوەشاون. بە واتایەکی تر ۳۹ لە سەدی هاوسەرگیرییەکان لە ئێراندا جیابوونەوەیان لێکەوتۆتەوە، کە ئەو ڕێژەیە لە شارە گەورەکانی وەک تاران بە ٥۲ لە سەد دەگات. کۆی ئەم قەیرانانە بۆتە هۆی ڕق و قینی خەڵکی ئێران بە دژی دەسەڵات و  سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی کاسبکاران و چین و تووێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بە گشتی لە ئێراندا. ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا زیاتر لە ڕابردوو هەستی پێ دەکرێت لاوازی و بێ دەرەتانی ڕێبەر و کاربەدەستانی ئێران لە چارەسەرکردنی قەیرانە جۆراوجۆرەکان و دۆخی خراپی کۆمەڵگەدایە، کە بە پێی شڕۆڤە و بۆچوونە جیاوازەکان لە ئاستی جیهاندا ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە دژی دەسەڵات لەبەرزترین ئاستی خۆی دایە.

لەگەڵ ئەوەیدا کە کۆمەڵگای ئێران تووشی قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە دەسەڵاتدارانی ئێران بە چەواشەکاری و بە کەڵکوەرگرتن لە بابەتی  ئایینی و مەزهەبی  خەڵکی ئێران و سەپاندنی یاسای حیجابی ئیجباری بە سەر کۆمەڵگەی ئێراندا لە هەوڵی بەلاڕێدا بردنی ویست و ئامانجی خەڵک لە سەر بنەمای ڕووخانی دەسەڵات‌دایە.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی  قۆناغێکی نوێی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا  دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام لە هەوڵی پێکهێنانی دۆخێکی ئەمنیەتی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندان، هەر وەک لە چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە شۆڕشی ژینا دا بەتوندترین شێوە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد، ڕەنگە هەڕەشەی  کاربەدەستانی ئێران لە دژی خەڵکی ناڕازی بە شێوەیەکی کاتی ببێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر هەڵوێستی  خەڵک بە دژی دەسەڵات نابێت و ئەو ڕق و قینە وەک بوڕکانێک بە سەر دەسەڵاتدا دەتەقێتەوە.