کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێڕوانینێک لەسەر گەمژەیی مرۆڤ

12:08 - 23 رێبەندان 2724

تێڕوانینێک لەسەر گەمژەیی مرۆڤ

سەلیم حەقیقی

گەمژەیی دیاردەیەکی ئاڵۆز لە شێوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ‌دایە کە لە کۆنەوە وەک مژارێکی گرنگیی نێوان فەیلەسوفان و بیرمەندان بووە. بە پێچەوانەی بۆچوونی باو، گەمژەیی تەنیا بە مانای حۆل، گەوج یان کەم‌زەینی نییە، بەڵکو جۆرێک ڕەفتار و هەڵسووکەوت و تەنانەت ڕەوشتە کە زۆرجار کەسانی ژیریش تێی دەکەون. ئەم دژایەتییە سەرنجڕاکێشە لە نێوان ژیری و گەمژەییدا، پرسیارێکی قووڵی فەلسەفی دەوروژێنێت: بۆچی مرۆڤ، سەرەڕای توانای عەقڵی بەرزی، هێشتا بەردەوامە لە هەڵەکردن و بیرکردنەوەی ناعەقڵانی؟

 یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی گەمژەیی مرۆڤ، پاتەکردنەوەی هەڵەکانە. مرۆڤەکان سەرەڕای ئاگاداربوون لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەندێک ڕەفتار و شێواز، هەمدیسان پاتەیان دەکەنەوە، ئەم بابەتە دەکرێت لەئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا ببینرێت؛ لە شەڕە بەردەوامەکان بگرە هەتا هەڵسووکەوت و کاردانەوە وێرانکەرە کەسییەکان.

لایەنێکی تری گەمژەیی، خۆ بەزلزانین و وەهمی زانینە. خەڵکانێک زۆرجار بیر دەکەنەوە کە لە کەسانی تر زاناترن و، کەمتر ڕەخنە و پێداچوونەوە لە بیروبۆچوونەکانی خۆیان دەکەنەوە. ئەم دیاردەیە کە لە دەروونناسیدا بە "کاریگەری دانینگ-کروگەر" ناسراوە، وادەکات کەسانی کاڵ‌فام، تواناکانی خۆیان زیاتر لە ڕادەی پێویست مەزەندە بکەن. کاتێک سوقرات لە گێڕانەوە ئەفلاتون‌دا لەبەرامبەر سوفسەتاییەکان دەوستێت و تێیان‌دەگەیەنێت کە "ڕەوشتبەرزی" چییە، دەمانگەیەنێتە ئەو ئاکامە کە؛ نەفسی مرۆڤ ئەرک یان دەورێکی تایبەتی هەیە، ئەرکی نەفس ژیانە، بیرکردنەوە و بڕیاردانە، ئەو ڕەوشت بەرزییەش هیچ شتێک نییە جگە لە دادپەروەری نەبێ، بە باوەڕی ئەفلاتوون ژیانێکی جوان بریتییە لە خۆهەڵنەکێشان و ئەخلاق‌مەند بوون و ئاکاری چاکە. ئەو لەوپەڕی بیرمەندیدا خاکەڕایانە باسی جوانییەکان ڕەوشت و بەرزی ئاکاری مرۆڤەکانی دەکرد.

یەکێکی تر لە دەرکەوتەکانی دۆخی گەمژەیی، بڕواپێکردنی کوێرانەی بیروباوەڕە باوەکانه. زۆر کەس لە جیاتی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانە، ڕەوتی زاڵ پەسند دەکەن. ئەم ڕەفتارە دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیارە هەڵە بەکۆمەڵەکان و تەنانەت کارەساتە مێژووییەکان، هەڵبەت لە بەشێک لەم حاڵەتانەدا بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان دەوری سەرەکی دەگێڕن لەو دۆخە نەشیاوە. هەڵبەت دەبێت ئاگادار بین کە گەمژەیی مرۆڤ شتێکی ڕێژەییە و هیچ مرۆڤێک لێی بێبەری نییە. ڕەنگە بتوانین بڵێین ئاگاداربوون لەم بابەتە و هەوڵدان بۆ خۆئاگایی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، ڕێگایەکە بۆ کەمکردنەوەی ڕەفتارە گەمژانەکان.

خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە، گەمژەیی مرۆڤ هەندێک جار ڕیشەی لە ترس و نەبوونی ئارامی دەروونی‌دایە. خەڵک بۆ پاراستنی ئارامیی خۆیان، هەندێک جار ڕاستییە ئاشکراکان پشتگوێ دەخەن یان شیکردنەوەیەکی نالۆژیکی بۆ ڕاستییەکان دەکەن.

لە ڕوانگەی مێژووییەوە، فەیلەسوفە گەورەکانی وەک سوقرات، ئەفلاتوون، ئەرەستۆ و کانت باسیان لە گەمژەیی مرۆڤ کردوە. سوقڕات بە وتنی ڕستەی بەناوبانگی "دەزانم کە هیچ نازانم" لە ڕاستیدا ئاماژەی بە جەهلی دووەمی مرۆڤەکان دەکرد - واتە نەزانینی خۆیان کە لەوانەیە گەورەترین نیشانەی گەمژەیی بێت.

گەمژەیی مرۆڤ دەکرێت لە چەند ئاستێکی جیاوازدا تاوتوێ بکرێت:

خەڵک تووشی هەڵەی سیستماتیک لە بیرکردنەوە و بەڵگەهێنانەوەدا دەبن. بۆ نموونە، ئێمە حەزمان لێیە ئەو زانیاریانە وەربگرین کە لەگەڵ باوەڕە پێشووەکانماندا دەگونجێن و بەڵگەی دژ پشتگوێ بخەین. ئەم لایەنگیرییە یەکێکە لە نموونە دیارەکانی گەمژەیی زانیاری. هەروەها، ئەو هەڵە لۆژیکییانەی کە خەڵک دەیکەن، نیشانەی لاوازی لە بیرکردنەوەی لۆژیکیدا هەیە.

گەمژەیی بەکۆمەڵ دیاردەیەکە کە تێیدا کۆمەڵێک خەڵک، بڕیار و ڕەفتاری نالۆژیکی بە شێوەی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدەن. ڕەفتاری جەماوەری، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و قبوڵکردنی بێ یەک‌ودووی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان نموونەی ئەم جۆرە گەمژەییەن. سەیر ئەوەیە کە هەندێک جار کەسانی زیرەکیش کاتێک لە گرووپێکدا دەبن، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەم دیاردەیە.

بەشێکی گرنگی گەمژەیی مرۆڤ ڕەگی لە هەست و سۆزدا هەیە. ترس، تووڕەیی، ئیرەیی و لووتبەرزی وا دەکەن خەڵک بڕیاری نەزانانە بدەن. بۆ نموونە کەسێک کە لە تووڕەییەوە بڕیار دەدات، دواتر زۆربەی جار پەشیمان دەبێتەوە.

لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، لەوانەیە گەورەترین گەمژەیی مرۆڤ ئەوە بێت کە مانای ژیان و مردن تێناگات و لەگەڵ ئەوەشدا وا دەژی وەک ئەوەی هەموو شتێک دەزانێت. نیچە لەم بارەیەوە دەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکە نازانێت بۆچی دەژی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پەلە بەرەو مردن دەڕوات.

هۆکاریی برەودان بە گەمژەیی:

١. میدیای کۆمەڵایەتی و زانیاری هەڵە: لە سەردەمی ئێستادا، بڵاوبوونەوەی خێرای زانیاری هەڵە و دۆنگۆییەکان، گەمژەیی بەکۆمەڵ زیاتر دەکات.

٢. ئاڵۆزیی جیهانی مۆدێرن: دنیای ئەمڕۆ ئەوەندە ئاڵۆزە تێگەیشتنی تەواوی بابەتەکان بۆ کەسانی ئاسایی دژوارە، لە ئەنجامدا پەنا دەبەنە بەر سادەکردنەوەی نالۆژیکی بابەتەکان.

٣. فشارە کۆمەڵایەتییەکان: کۆمەڵگەی مۆدێرن بە دروستکردنی فشاری جۆراوجۆر بۆ سەرکەوتن، سامان و ناوبانگ، خەڵک بەرەو بڕیاری گەمژانە دەبات.

ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی گەمژەیی:

١. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: فێرکردن و ڕاهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی زانیارییە هەڵەکان بدات، یان وازهێنان لەو پێش مەرجە گریمانییانەی کە بەردەوام لەگەڵمان دابووە و لەیەخەمان نابنەوە.

٢. خۆئاگایی: ناسینی سنوورەکانی مێشکی خۆمان و قبوڵکردنی ئەوەی کە لەوانەیە هەڵە بکەین و بە هەڵەش بڕیار بدەین.

٣. خوێندنەوەی مێژوو: فێربوون لە هەڵەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتی دەتوانێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی گەمژەییە مێژووییەکان بکات.

٤. دیالۆگی سوقراتی: پرسیارکردنی بەردەوام و بەرەنگاربوونەوەی باوەڕەکانی خۆمان و ئەوانی تر.

مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیرە. لە لایەکەوە خاوەنی ئەو عەقڵە مەزنەیە کە توانیویەتی شارستانیەتی دروست بکات، زانست پێشبخات و گەردوون بدۆزێتەوە. لە لایەکی ترەوە، هەمان ئەو بوونەوەرە دەبینین کە دەکەوێتە داوی بیروباوەڕی پووچ و بڕیاری هەڵە و کردەوەی نەشیاو ئەنجام دەدات.

لە ڕوانگەیەکی ترەوە، دەکرێت بڵێین گەمژەیی خۆی جۆرێکە لە ژیری. چونکە ئەو کەسەی کە دان بە نەزانینی خۆیدا دەنێت، یەکەم هەنگاوی ناوە بەرەو فێربوون و گەشەکردن. وەک سوقرات دەڵێت: "تەنها شتێک کە دەیزانم ئەوەیە کە هیچ نازانم."

هەروەها گەمژەیی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و فکریماندا. لە ڕێگەی هەڵەکانمانەوە فێر دەبین، لە ڕێگەی شکستەکانمانەوە بەهێزتر دەبین. بەم شێوەیە، گەمژەیی دەبێتە پردێک بەرەو زانین و تێگەیشتنی قووڵتر.

لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە تێگەیشتن لە سروشتی گەمژەیی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەریدا، دەتوانێت یارمەتی گەشەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بدات. ئەمەش پێویستی بە خۆئاگایی، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئازایەتی لە قبوڵکردنی هەڵەکاندا هەیە.