![](/content/upload/1/news/77693_w920.jpg)
سەرکۆماری ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە لەبری هێرشی نیزامیی بۆ سەر ئێران پێی باشترە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتنی ناوکی؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران "نیگەران و ترساون" و ئامادەن بۆ وتووێژ.
دۆناڵد ترامپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ''فاکس نیووز''، ڕایگەیاند: ''هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە هاوکاری و ڕەزامەندیی ئێمە هێرش دەکاتە سەر ئێران. من پێم باشە کە ئەمە ڕوو نەدات. من پێم باشە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ببینم.''
ترامپ هەروەها ئاماژەی بە لەدەستدانی بەربڵاوی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و هەروەها بابەتی پەیجێرەکان کرد و وتی کە ئێران نیگەران و ترساوە و زۆر حەزی لێیە بەبێ ئەوەی بۆردومان بکرێت، ڕێککەوتن بکات.
ترامپ بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران حەوت داواکاری داناوە و پێی ڕاگەیاندوون ئەگەر پابەندی نەبن ئیسرائیل لێیان دەدات کە بریتین لە:
١-تەواوی ناوەندەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە سایتی ''یوو، سی ئێف''ی ئەئێسفەهانیشەوە دەبێت دابخرێن.
٢- دروستكردنی هەر جۆرە مووشەكێكی كورتمەودا و درێژمەودا دەبێ ڕابگیرێت.
٣- میحوەری مقاومەت دەبێ بە تەواوی دابخرێت و بیر لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل نەكرێتەوە.
٤- دەبێ كۆی مووشەكەكانی باڵستیک و كرووزی ئێران لەنێو ببرێن.
٥ـ تەواوی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدانی بەرنامەی فەزایی و ماهوارەیی ئێران دەبێت دابخرێن.
٦- ئەمریكا چاوەدێری هەمیشەیی دەبێت بە سەر چالاكی ئاشتییانەی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران.
٧- تەواوی زیندانییانی ئەمریكا و ئورووپایی بێ هیچ مەرجێک دەبێت ئازاد بكرێن.
ئەو قسانەی ترامپ لە حاڵێکدایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بیرۆکەی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە.