کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی کەرەستە پزیشکییەکان بە جێبەجێکرانی

12:19 - 24 رێبەندان 2724

بە دەسپێکردنی سیاسەتی نوێی بانکی ناوەندی لەسەر بنەمای ڕێکخستنی بازاڕی دراوی دیاریکراو، نرخی کەرەستە پزیشکییەکان بەتایبەت کەرەستەکانی وێنەهەڵگرتن و دەسنیشانکردن، بەرزبوونەوەیەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە.

عەلیڕەزا چیزەری، سەرۆکی ئەنجومەنی سەندیکای کەرەستە پزشکییەکان ڕایگەیاند: "کەلووپەلی پزیشکی وەک ئامێری وێنەگرتن و تیشک و ئامێری دەستنیشانکردن نەخۆشییەکان بە دراوی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی هاوردە کراون، بەڵام ئەمڕۆ بە دراوی ڕێککەوتوو هاوردە دەکرێت و نرخی لەسەدا هەزار و ٥٠٠ بەرز دەبێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "دەرمانە تایبەتەکان و کەرەستەی پزیشکی، کە بە دراوی چوار هەزار و ٢٠٠ تمەن هاوردە کراون، بە ڕێژەی ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ ٪ گرانتر دەبن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا قەیرانی کەمی و گرانیی دەرمان لە ئێران ڕەهەندگەلی فراوانی بەخۆیەوە بینیوە جگە لە کەمیی زیاتر لە ١٠٠ جۆر دەرمان لە ئێراندا دەست ناکەون، وەکوو دەرمانگەلی چارەسەری شێرپەنجە یان هەندێک نەخۆشی تایبەت، لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای نەبوونی دەرمان، فرۆشتنی دەرمانی ساختەش ژیانی نەخۆشەکانی چەند هێندەی دیکە خستووەتە مەترسییەوە.

هەروەها هەرچەندە پێشتریش بازاڕی ئازاد و ژێرزەمین بۆ فرۆشتنی دەرمانە بیانییەکان لە ئێراندا هەبووە، بەڵام لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵەوە نرخی زۆربەی ئەو دەرمانانەش چەند هێندە زیادی کردووە و لە توانای کڕینی هاووڵاتییاندا نەماوە.

پێشتریش لە هەواڵێکدا یاشا مەخدوومی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆئانکۆلۆژیی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە نرخی دەرمانی نوێی شێرپەنجە بۆ هەر بەکارهێنانێک، بەپێی دۆزی دەرمانی لە ١٠ ملیۆنەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دەبێت، و لە ئێستادا بیمەکانی ئێران وایان کردووە کە بیمە ئەو دەرمانانە لەخۆ نەگرێت.

لە لایەکی دیکەوە پزیشکێکی دەرمانساز لە تاران ڕایگەیاندبوو کە دەرمانی هەندێک نەخۆشی تایبەت و ژمارەیەک دەرمانی شێرپەنجە لەو وڵاتەدا زۆر کەم بوون و دەگمەن دەست دەکەون و نرخی هەندێک لە دەرمانی شێرپەنجە تەنانەت نزیکەی میلیاردێکیش بەرزبووەتەوە.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە کێشەی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان لە ئێراندا تەنیا پێوەندیی بە دەرمانەوە نییە، بەڵکوو کەمبوون و نەبوونی ئامێری پزیشکی پێوەندیداریش بووەتە کێشەیەک.

سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆئانکۆلۆژی باسی لە کەمیی ئامێری ڕادیۆتراپی (چارەسەری تیشک) لە ئێراندا کردووە.

یاشا مەخدوومی بە ئاماژەدان بە ستانداردە جیهانییەکان و ژمارەی دانیشتووانی ئێران کە ٨٠ میلیۆن کەسە، باس لەوە دەکات کە نزیکەی ٣٠٠ ئامێر پێویستن، لە کاتێکدا لە ئێستادا نزیکەی ١٣٠ ئامێر لە ئێراندا کار دەکەن و زۆرێک لەو ئامێرانە کۆن بوون.

شپرزی لە بەڕێوەبردنی بوودجە و تێچووی زۆری دەرمان و کەمیی دەرمان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان کەمتر لە پێویست دەرمان بکڕن و بەکاری بهێنن یان ماوەی دیاریکراوی بەکارهێنانی چارەسەرییەکان و دەرمانەکان بە ناتەواوی بهێڵنەوە.