![](/content/upload/1/news/77706_w920.jpg)
سوعدا خەدیزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار، بۆ یەکەمجار دوای ٤٠ مانگ بەندکران، بە دانانی بارمتەی قورس لەگەڵ منداڵەکەی بۆ ماوەی بیست ڕۆژ نێردرانە مەرەخەسی.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سوعدا خەدیرزادە و منداڵە بچووکەکەی "سۆلینا" کە لە زیندان لە دایک بووە، دوای ٤٠ مانگ دەسبەسەری بۆ یەکەمجار بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی مەرەخەسی پێدرا.
مەرەخەسی سوعدا خەدیرزادە و منداڵە بچوکەکەی بۆ یەکەمجار لە حاڵێکدایە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی چەندین جار تەنانەت بە دانانی بارمتەی قورسیش ڕێگرییان لە پێدانی مەرەخەسی داوە.
سوعدا خەدیرزادە بە هۆی گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و بارودۆخی نامرۆڤانەی خۆی و منداڵەکەی لە زیندان، چەندین جار مانی لە خواردن گرتبوو و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنی دابوو. لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا نەیتوانیوە چاوی بە کەس بکەوێت و تا ئێستا منداڵەکەی ناسنامەی نییە.
سوعدا خەدیرزادە پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران"، سزای ١٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ١۵ی خەرمانانی ١٤٠١، بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا.
هەروەها لە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ دۆسییەیەکی نوێ بۆ سوعدا بە تۆمەتی یارمەتیدان لە کڕینی چەک بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات کرایەوە.
سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.