کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی خۆپیشاندانەکان لە دێهدەشت و دەسبەسەرکرانی لانیکەم شەش ناڕازی لەم شارە

12:37 - 24 رێبەندان 2724

بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان، خۆپیشاندەران لە شاری دێهدەشتی سەر بە پارێزگای کۆهگیلوویە و بویەر ئەحمەد بۆ سێیەمین شەو، درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان بە دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دا.

لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەران لەم شارە بە دروشمی "مردن و نەمان بۆ دیکتاتۆر" و "مردن بۆ خامنەیی"، ناڕەزایەتیی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕێژیم تاکوو ئێستا شەش کەسی لەم خۆپیشاندانانەدا دەسبەسەر کردووە کە دوو کەسیان ژن بوونە.

هەر لە پێوەندیی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان بە دژی ڕێژیم و هاوکات لەگەڵ پچڕانی بەردەوامی کارەبا، خەڵکی ناڕازی لە چەند گەڕەکی تاران بە شەودا دروشمیان داوە.

قەیرانی نەبوونی وزە بە دابەزینی پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە و دەوڵەت بەردەوام پشووی گشتیی ڕاگەیاندووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی دروستکردنی کێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵک.

هەر لەم چوارچێوەیەدا بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی دەوڵەت، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندان لە هەموو قوتابخانە، زانکۆ، بانک و ئیدارە دەوڵەتییکانی پارێزگاکانی ئێران جگە لە ٧ پارێزگا، پشوو ڕاگەیەندراوە.

داخستنی بەردەوامی زانکۆ، قوتابخانە، دامەزراوە و شوێنە دەوڵەتییەکان بووەتە هۆی دواخستن و بەربەستی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک و جیا لە قەیرانەکانی دیکە، کێشەیەکی دیکەشی بۆ خەڵکی ئێران زیاد کردووە.