کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان مەرگی کارمەندێکی دەسبەسەرکراوی لەلایەن حوسییەکانەوە مەحکووم کرد

12:39 - 24 رێبەندان 2724

ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەرگی یەکێک لە کارمەندانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە لەلایەن میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن دەسبەسەر کرابوو، مەحکووم کرد و داوای لێکۆڵینەوەی لەم کارەساتە ناخۆشە کرد.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم کارمەندەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان مەرگەکەی ڕاگەیەندرا، یەمەنی بووە و میلیشیا حوسییەکانیش  نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لەوە پێش بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەریان کردم تا ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانی نادیارە.

گۆتێرێش لە بەیاننامەیەکدا وتی: ''ئەو بارودۆخەی کە بووە هۆی ئەم کارەساتە ناخۆشە نادیارە و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕوونکردنەوە لە دەسەڵاتدارانی حوسییەکان دەکات.''

ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: " زۆر دڵتەنگ و تووڕەیە بەهۆی مردنی یەکێک لە کارمەندەکانی لەکاتی دەسبەسەرکردنی لە باکووری یەمەن".

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوای دەسبەسەرکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە کارمەندەکانی لەلایەن حوسییەکانەوە چالاکییەکانی خۆی لە پارێزگای سەعدە لە یەمەن ڕاگرتووە.

حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا دەستیان بەسەر سەنعا، سەعدە و ناوچەکانی دیکەی یەمەندا گرتووە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەیان کارمەندی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیان دەسبەسەر کردووە.

ژمارەی کارمەندانی دەسبەسەرکراوی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە یەمەن گەیشتووەتە ٢٤ کەس کە ٨ کەسیان لەم دواییانەدا دەسبەسەر کراون.

قەیرانی مرۆیی یەمەن کە ماوەیەکی درێژخایەنی شەڕی لە دەیەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی، وەک یەکێک لە سەختترین بارودۆخەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت و بەراورد دەکرێت ئەمساڵ لانیکەم ١٧ میلیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتیی خۆراکی دەبێت.