کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە پلەی ٣٠ وڵاتی گەندەڵ لە جیهاندا

12:40 - 24 رێبەندان 2724

ڕێکخراوی "ڕوونیی نێونەتەوەیی"، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان پێنوێنی گەندەڵیی وڵاتانی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی بڵاو کردەوە کە ئێران لە پلەی ١٥١ی ئەم ڕیزبەندییەدا دانراوە.

بەپێی پێنوێنی ساڵانەی تێگەیشتنی گەندەڵیی ئەم ڕێکخراوە، ئێران بە وەرگرتنی ٢٣ خاڵ لەم ڕێزبەندییەدا و بە دابەزینی خاڵێکی دیکە لە چاو ساڵی ڕابردوو، پلەی ١٥١ی لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان کە لەلایەن ڕێکخراوی ڕوونیی نێونەتەوەییەوە چاوەدێرییان پێدا کراوە، مسۆگەر کردووە.

ئەمە خراپترین پلەی ئێران بەپێی پێوەرەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودایە.

وڵاتانێکی وەک پاکستان و عێراق لەم ڕیزبەندییەدا پلەی بەرزتر لە ئێرانیان بە دەست هێناوە، کە ئەمە نیشاندەری کەمتربوونی گەندەڵی لەم دوو وڵاتە لە چاو ئێرانە.

ڕوونیی نێونەتەوەیی، ڕێکخراوێکی نادەوڵەتییە کە لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی دامەزراوە و ئامانجەکەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی و بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بەم بابەتەیە.

ئەم ڕێکخراوە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی وەک گەندەڵی، دزی، بەرتیل وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنی کارە دەوڵەتییەکان، گەندەڵیی دارایی لە نێوان سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەت و هەروەها کەمتەرخەمی و ناکارەمەیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، بەپێی زانیارییەکانی ١٣ سەرچاوەی جیهانی وەک کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری و بانکی جیهانی، پێوانەی ڕێژەی گەندەڵی لە وڵاتانی جیهاندا دەکات.

بەپێی پێنوێنی ساڵانەی تێگەیشتنی گەندەڵی، هەر وڵات لە سفرەوە تا سەد، ژمارەیەکی بۆ دیاری دەکرێت کە سەد بە مانای بێبەریبوونی وڵاتان لە گەندەڵییە و سفریش نیشاندەری گەندەڵیی تەواوە.

وڵاتی دانمارک بە ٩٠ خاڵ و سوودانی باشوور بە ٨ خاڵ، باشترین و خراپترین وڵاتان لە بواری گەندەڵی لە جیهان، لەم ساڵەدا بوون.

بەپێی دوایین پێنوێنە بڵاوکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە، گەندەڵی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم کێشەیەدا شکستی هێناوە.