کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕيوەچوونی لانیکەم ٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران لە یەک ڕۆژدا

12:52 - 24 رێبەندان 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە بەردەم زیندانی ئێڤین ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دژی زیندانییانی سیاسی دەربڕی، هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی گرێبەست و پڕۆژە لە کۆمپانیای پاڵاوتنی گازی "فەجر جەم" لە بووشێهر، ژمارەیەک لە داواکارانی خانووبەرەی نیشتمانی لە قەزوین، کۆمەڵێک کرێکاری کارگەی ئاسن و پۆڵای "گیلان خەزەر" لە شوێنی کارەکەیان و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی شاری ئەراک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری ئەوە بوون کە داواکارییەکانیان ڕەچاو بکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و سیاسی بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان دژی زیندانییانی سیاسی لە بەردەم زیندانی ئێڤین کۆ بوونەوە.

نەرگس محەممەدی چالاکوانی مافی مرۆڤ، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند، لەگەڵ چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەی ئەو زیندانییانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە وەستاوین و پێکەوە هاوار دەکەین "سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە".

ناوبراو ڕایگەیاندووە: بنەماڵەی وریشە مورادی کە لە کوردستانەوە بە تامەزرۆییەوە هاتبوون بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ وریشە و لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون، ڕێگەیان پێنەدرا کە کچەکەیان ببینن و بەبێ هیچ چاوپێکەوتنێک گەڕانەوە بۆ کوردستان.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک لە کرێکارانی گرێبەست و پڕۆژەی کۆمپانیای پاڵاوتنی گازی فەجر جەم لە بووشێهر لە شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوە و دروشمی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە و خوازیاری ئەوە بوون کە داواکارییەکانیان چارەسەر بکرێت.

ژمارەیەک لە خوازیارانی خانووبەرەی نیشتمانی لە بەردەم بینای پارێزگاریی قەزوین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بێبایەخکردنی داواکارییەکانیان کۆ بوونەوە.

ئەم هاوڵاتییانە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕادەستنەکردنی خانوبەرە و کێشەکانی تر کۆ ببوونەوە.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆڵای خەزەر لە گیلان، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە گوێنەدانی داواکاری و نەدانی مووچەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە ئەو کۆمپانیایە بەڕێوە برد.

بە پێی ڕاپۆرتگەلی جیاواز لە ماوەی مانگ و حەفتەی ڕابردوودا ئەو کرێکارانە بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کردووە بەڵام تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدار وڵامیان نەدراوەتەوە.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی سەندیکای کرێکارانی ئازاد، کۆمەڵێک دانیشتووی شاری ئەراک کۆ بوونەوە و ڕێپێوانیان بەڕێوە برد.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هاووڵاتییانی شاری ئەراک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر پیسبوونی هەوای شارەکە و بەهۆی سووتانی سووتەمەنی مازووتەوە کە لە وێستگەی کارەبای شازەند دەسوتێندرێت، کۆ بوونەوە و خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی، داوایان کرد کە داواکارییەکانیان بەرچاو بگیردرێت.