![](/content/upload/1/news/77711_w920.jpg)
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتوویەتی، ئەگەر تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان، گرووپی حەماس، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکات، وڵاتەکەی لە ئاگربەست دێتە دەرەوە و شەڕ لە غەززە دەست پێدەکاتەوە.
بێنیامین نێتانیاهوو ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان وتی ئەگەر حەماس بارمتەکان بەپێی بەرنامە ڕۆژی شەممە ئازاد ناکات، ئەوە پێشێلکردنی ئاگربەستە، هەروەها فەرمانی بە ئەرتەشی ئیسرائیل داوە هێزەکانی لە کەرتی غەززە و دەوروبەری جێگیر بکاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکرێن، ئەرتەشی ئیسرائیل جارێکی دیکە بۆ لەناوبردنی حەماس هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە کابینەی ئەمنییەتیی ئەم وڵاتە بە کۆی دەنگ پشتگیریی لە وادەی دۆناڵد ترامپ بۆ گرووپی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان تا ڕۆژی شەممە کردووە.
تڕامپ پێشتر هۆشداریی دابوو کە هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلایەن حەماسەوە دەسبەسەر کراون، دەبێ تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ئازاد بکرێن، ئەگینا ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە هەڵبوەشێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا کە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ''بە موویەک بەنددە'' و نیگەرانیی خۆی لە دەستپێکردنەوەی ململانێی نیزامی لە کەرتی غەززە دەربڕی.
بڕیار بوو خولی داهاتووی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕۆژی دووشەممە، حەماس ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند ئازادکردنی بارمتەکان کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە ڕوو بدات، تا ئاگادارکردنەوەی دواتر ڕادەگیرێت.