![](/content/upload/1/news/77715_w920.jpg)
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ دەڵێت، هەڵسەنگاندنی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەریدەخات کە ئیسرائیل خەریکی تاوتوێی هێرشی بەربڵاو بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە ئەمساڵی زایینیدایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە شەوی چوارشەممە بڵاو کرایەوە، ئەم چالاکییە بە ئامانجی کەڵکوەرگرتن لە لاوازیی کۆماری ئیسلامی و پێشگرتن لە بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی ئەم وڵاتە ئەنجام دەدرێت.
لێکۆڵینەوە هەواڵگرییەکان کە لە ڕۆژانی کۆتایی دەوڵەتی جۆ بایدێن و سەرەتای دەوڵەتی دۆناڵد ترامپدا کۆ کراونەتەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێدەچێت ئیسرائیل داوا لە کابینەی ترامپ بکات پشتگیری لە هێرشەکە بکات، چونکە ترامپ زیاتر لە بایدێن بۆ ئەو کارە مەیلی هەیە.
کارۆلین لیویت وتەبێژی کۆشکی سپی پێشتر جەختی لەوە کردەوە کە سەرکۆماری ئەمریکا هەرگیز ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت.
هاوکات کۆماری ئیسلامی سیگناڵی ناردووە کە بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ئامادەیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر خەمی سەرەکیی واشنگتۆن بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، ئەوا دەتوانرێت ئەم پرسە چارەسەر بکرێت.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بەشێکی زۆری جبەخانەی حیزبوڵڵای لوبنانی لەناو بردووە، بەرگریی ئاسمانی ئێرانی لاواز کردووە و ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە کاریگەریی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی کەم کردووەتەوە.
بە وتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل، ئێستا کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک زیاتر بەرەوڕووی هێرش بووەتەوە و ئەگەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکەی نەکرێت، ئیسرائیل ناچار دەبێت هەنگاوی نیزامی بگرێتەبەر.