![](/content/upload/1/news/77719_w920.jpg)
فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە تاران وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە واشنگتۆن تەنیا لە "زمانی هێز" تێدەگات.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، موهاجرانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندان وتی: ''دانوستان مەرجی هەیە و وتووێژ بە زمانی زۆرەملێ پێی ناوترێت وتووێژ. هۆکاری ئەوەیکە بۆ وتووێژ ''نا'' دەڵێن، لایەنی بەرامبەر لە وتووێژ تێناگات و تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات".
ماجید خادمی، سەرۆکی ڕێکخراوی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە هەڵوێستێکی هاوشێوەدا، وتووێژ لەگەڵ ئەمریکای بە هێڵی سووری ئێران زانی. جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ لە ڕووی فێڵ و کەڵەکەوە دێتە پێش.
ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا کە لە "نیویۆرک پۆست"دا ڕۆژی هەینی ٨ی فێورییە بڵاو کرایەوە، هۆشداری دا لەوەی کە پێی باشترە لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن نەک "جەهەنەمیان بەسەردا بۆردومان بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ڕێکبکەوین، ئیسرائیل ئێران بۆردومان ناکات.
ئێران ڕۆژی سێشەممە ١١ی فێورییە نامەیەکی فەرمیی ئاراستەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و لێدوانەکانی ترامپی بە هاندەرانە ناو برد.