کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستەنگەکانی ژینگەی پەروەردەیی لوڕستان؛ لە قوتابخانەی ناپارێزراوە بگرە تا پۆلە قەرەباڵغەکان

12:02 - 25 رێبەندان 2724

نەبوونی کەشێکی پەروەردەیی ستاندارد وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پەروەردە لە لوڕستاندا هەژمار دەکرێت. بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە خراوەتەڕوو، لەم پارێزگایەدا حەوت قوتابخانەی ناپارێزراو هەن، کە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی قوتابییانن.

ئەسغەر ئاغایی چەگنی، جێگری بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە و کەرەستەی قوتابخانەکانی لوڕستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەروەردەی ئەو پارێزگایەدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٤٠١دا پلانێک بۆ دروستکردنی ١٧٠ قوتابخانەی حکوومەتی داڕێژراوە، کە تا ئێستا ٩١ قوتابخانەیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوانی دیکەش لە قۆناغی کۆتایی دروستکردندان.

ئەم ئیدعایە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لەو پرۆژانە بە هۆی کێشەی بوودجە و نەبوونی بەڕێوەبردنێکی کارامە زۆر بە هێواشی بەرەوپێش دەچن، لە کاتێکدا قوتابییانی لوڕستان ڕۆژانە لەگەڵ کێشەگەلی جیاواز بەرەوڕوو دەبنەوە.

یەکێکی دیکەی لە کێشە گرینگەکان، هەبوونی ٣٣ قوتابخانەی بەردینە لەو پارێزگایەیە، کە ١٠ قوتابخانەیان ئێستاش قوتابییان تێدایە. جگە لەوەش، ڕێژەی زۆری قوتابییان لە پۆلەکاندا، بەتایبەتی ئەو پۆلانەی کە زیاتر لە ٣٥ قوتابی تێدایە، کێشەیەکی دیکەی جیددیی سیستەمی پەروەردەی لوڕستانە.

هەروەها جێگری بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە و کەرەستەی قوتابخانەکانی لوڕستان، بوونی ٧ قوتابخانەی ناپارێزراوی لەو پارێزگاکەدا بە مەترسی بۆ سەر ژیانی قوتابییان ناو برد.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها دانی بەوەدا نا کە خێرخوازان گەورەترین ڕۆڵیان لە بونیاتنانی قوتابخانە و پێشخستنی بەرنامە پەروەردەییەکان لە پارێزگای لوڕستاندا هەبووە.

سپاردنی بەرپرسیارێتی دابینکردنی جێگە و کەشی پەروەردەیی بە خێرخوازان، نەک هەر ئاماژەیەکە بۆ لاوازیی بەڕێوەبردن لە بواری پەروەردەدا، بەڵکوو جۆرێکە لە خۆدزینەوەی حکوومەت لەو بەرپرسایەتییە.

ساڵانێکە لوڕستان لە بواری پەروەردەدا ڕووبەڕووی کێشەی پێکهاتەیی بووەتەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی ڕوانینی ڕێژیم بۆ گەشەپێدان بە پەروەردە ئاوا لاواز و نمایشکارانە بێت، ئەو کێشانە نەک چارەسەر نابن، بەڵکوو دەبنە قەیرانێکی جیددی.