
د. ئازاد محه‌ممه‌دیانی: ناوەند نەیویستوە شوناسی جیاوازی کورد له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌ک که کورده‌کان له شوناسی خۆیان هه‌یانه، قبووڵ بکات
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژه: گرنگترین هه‌نگاوی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئازادبوونی نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌سته له زوڵم و ژێرده‌سته‌یی، ده‌توانین ئاماژه به ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌سازی بکه‌ین، چونکه نه‌ته‌وه‌سازی ده‌توانێت یارمه‌تی به پته‌وبوون و یه‌کانگیریی کۆمه‌ڵگه، په‌ره‌سه‌ندنی بیرۆکه‌ی هاوبه‌ش و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی هاواهه‌نگیی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیهانی بکات و له ئه‌نجامدا ئه‌و ڕه‌وته له‌گه‌ڵ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، په‌ره‌سه‌ندنی یه‌کانگیریی و هاوپێوه‌ندی نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه و دروستکردنی هه‌ستی به‌ستراوه‌یی و به‌شداریی له کاروباری گشتی، ڕێگه بۆ ئامانجی گه‌وره‌تر که هه‌مان ئازادبوون له ژێرده‌سته‌یی و کۆتایی زوڵم و سته‌م خۆش ده‌کات. له درێژه‌ی ئه‌م وتووێژه‌دا پرسیارگه‌لێک وه‌کوو؛ نه‌ته‌وه‌سازی چییه؟ مێژووی ده‌وڵه‌ت ، نه‌ته‌وه‌سازی بۆ چ سه‌رده‌مێک ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ کوردستان له‌و بواره‌وه چ پڕۆسه‌یه‌کی تێپه‌ڕاندووه؟ ئایا له کوردستاندا نه‌ته‌وه‌سازی جێ که‌وتووه؟ ده‌خه‌ینه به‌رباس و بۆ وەڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه وتووێژێکمان له‌گه‌ڵ دوکتور ئازاد محه‌ممه‌دیانی، شرۆڤه‌کاری سیاسی ڕێک خستووه.
کاک ئازاد سپاس له‌وه‌ی ئه‌و بانگهێشته‌ی ئێمه‌ت قبووڵ کرد، سه‌ره‌تای وتووێژه‌که‌مان به‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ین کە نه‌ته‌وه‌سازی چییه و مێژووه‌که‌ی بۆ که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
نه‌ته‌وه‌سازی (Nation-Building) پڕۆسه‌یه‌که که گرووپێک له مرۆڤه‌کان به مێژوو، که‌لتوور، زمان و شوناسی هاوبه‌شه‌وه وه‌کوو نه‌ته‌وه پێناسه ده‌کرێن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن تاکوو ئه‌و نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ یان یه‌کپارچه‌دا بیچم بگرێت. له ڕاستیدا پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی کۆمه‌ڵه هه‌وڵ، کرده‌وه و کارتێکرانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه که ئامانجی دروستکردنی شوناسێکی هاوبه‌شی نێوان گرووپه جۆراوجۆره‌کانی خه‌ڵک له‌سه‌ر خاکێکدایه. ئه‌و پڕۆسه ده‌توانێت به شێوه‌یه‌کی سروشتی و به‌رده‌وام وه‌کوو ئاڵوگۆڕی مێژووی ئورووپا که له کۆتاییدا چه‌ندین ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی تێدا ده‌ردێت یان به‌شێوه‌ی به‌رنامه داڕێژراو و به زۆر وه‌کوو وڵاتانێک وه‌کوو تورکیه، یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت، چین و ئێران ڕوو بدات. بنچینه‌ی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌سازی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕێککه‌وتننامه‌ی ڤێستافالیا که له‌نێوان سه‌دده‌کانی حه‌ڤده‌هه‌مدا له‌نێوان وڵاتانی تووشبوو به شه‌ڕه‌کانی سی و هه‌شتا ساڵه‌ی ئورووپا و له کۆتاییدا بووه هۆی کۆتایی شه‌ڕ و بیچمگرتنی پێکهاته‌یه‌کی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی و دووباره پێناسه‌کردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتداری و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام پڕۆسه‌ی ئه‌مڕۆیی نه‌ته‌وه‌سازی زیاتر بۆ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی١٨و دوای شۆڕشی فه‌ڕانسه له ساڵی١٧٨٩ و ئاڵوگۆڕه‌کانی سه‌ده‌ی ١٩ی ئورووپا ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌نێوان هەر دوو شه‌ڕی یەکەم و دووهه‌می جیهانی و کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، داوێنی ئه‌و شه‌ڕانه بۆ وڵاتانی ئاسایی و ئه‌فریقایی کێشرا و وڵاتانێکی زۆر له ڕێگه‌ی نه‌ته‌وه‌سازییه‌وه هه‌نگاویان نا. دوایین نموونه‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانی نه‌ته‌وه‌گه‌راییانه، ده‌وڵه‌تانی تازه سه‌ربه‌خۆبووی دوای شه‌ڕی سارد و هه‌ره‌سهێنانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت بوو. له ڕاستیدا چه‌مکی نه‌ته‌وه‌سازی زیاتر به بابه‌تی ده‌وڵه‌ته‌وه گرێ دراوه، میژووی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئورووپا له دوای ڤێستافالیا که بووه هۆی دروستبوون یان دووباره پێناسه‌کردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێکهاته‌ی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌گشتی له ئورووپادا بیچمی گرت به‌و واتایه که ده‌وڵه‌تان شوناسی وه‌کوو یه‌کیان هه‌یه، نموونه‌کانی وڵاتانێک که پێکهاته‌ی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یین به شێوه‌ی ئاشتییانه دروست بوونه که سویس و بێلژیک له یه‌کیه‌تیی ئورووپا نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاویه‌تی.
کوردستان له‌و بواره‌وه چ پڕۆسه‌یه‌کی تێپه‌ڕاندووه؟
هه‌روا که ئاماژه‌ی پێ کرا نه‌ته‌وه‌سازی پڕۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزی کۆمه‌ڵایه‌تییه که به تێپه‌ڕبوونی کات پڕۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نی مێژوویی له‌سه‌ر پایه‌ی بابه‌تگه‌لێک وه‌کوو زمان، خاک، کو‌لتوور و ئوستووره هاوبه‌شه‌کان دروست بووه، به‌و واتایه که ده‌توانین بڵێین نه‌ته‌وه‌سازی پڕۆسه‌یه‌کی سروشتی‌یه که به درێژایی مێژوو ڕوو ده‌دات. ئه‌و ڕه‌وته که به شێوه‌ی سروشتی له به‌هێز بووندایه و ڕوانگه‌یه‌کی شوناسسازی له بیرۆکه‌ی بژارده‌کان "مرجع" کورد ده‌توانێت ئه‌و ڕه‌وته خێراتر بکات یان پێکی بێنێت به‌ڵام له ئێستادا ده‌توانین بپرسین که مه‌به‌ست له بژارده چییه؟ له ڕه‌وتێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاسایی چه‌ندقات به بلیمه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی داسه‌پاو که به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردن و ڕێنوێنی کۆمه‌ڵگه‌ن ده‌توانێت بژارده بێت که له سه‌ره‌وه‌ی جۆری ئه‌وانه ده‌وڵه‌ته‌کانن، ناوه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌کوو حیزب و گرووپی سیاسی به ئامانجگرتنی ئه‌و بابه‌ته گرنگه ده‌توانن هه‌ستی هاوبه‌شی هه‌مه‌لایه‌نه به‌هێز بکه‌ن که به نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێناسه ده‌کرێت. ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م نه‌ته‌وه‌سازی پڕۆسه‌یه‌کی سروشتی‌یه که ده‌بێت له تێپه‌ڕبوونی کاتدا ڕوو بدات به‌ڵام نابێت ڕۆڵی بژارده‌کان له‌و پڕۆسه‌دا له به‌رچاو نه‌گرین. هه‌ر به‌و پێیه ڕۆڵی حیزبه‌کان و ڕه‌وتی سیاسی کوردی، بژارده‌کان و ته‌نانه‌ت ناوه‌نده ئایینی و بژارده ئایینییه‌کانیش له کێشانه‌وه‌ی نه‌خشه ڕێگا‌ی ته‌واوکه‌ری ئه‌و پڕۆسه‌دا جێگای سه‌رنجه. له کوردستان که جۆراوجۆری ئایینی، سیاسی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕه‌ده‌ندووکی زمانیی بوونی هه‌یه، به فه‌رمی‌ناسین و قبووڵکردنی ئه‌و جۆراوجۆرییانه و هاوبه‌شیکردن له به‌رامبه‌ر ئه‌و جیاوازییانه له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ستی هاوبەشیی نیشتمانی به‌هێز ده‌کات. ڕێوڕه‌سمه‌کان و بۆنه ئایینییه‌کان که هێماکانی نه‌ته‌وه‌یین که مڵکی هه‌موو جۆراوجۆریه‌کانی کوردستانه، ده‌توانێت هۆکاری به‌هێزی ئه‌و هه‌سته هاوبه‌شه بێت. له ڕاستیدا ئه‌رکی بژارده‌کان ڕێکخستنی ڕێوڕه‌سمه‌کانه به‌پێی وێژمانی نه‌ته‌وه‌یی که ئه‌وه‌یش ده‌بێته هۆی ته‌واوکردنی پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی.
ئایا نه‌ته‌وه‌سازی له‌نێو کورددا جێ که‌وتووه؟
له نه‌بوونی بژارده فه‌رمییه‌کان له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ڕووداوێک خه‌ریکه ڕوو ده‌دات که ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی هه‌ستی هاوبه‌ش له‌نێوان کورده‌کان به‌تایبه‌ت له کوردستانی ئێران. ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌سازی له کوردستانی ئێران به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورده‌وه ڕووداوگه‌لێک خه‌ریکه ڕوو ده‌ده‌ن. له ڕاستیدا پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی به شێوه‌ی زۆره‌ملێ یان له سه‌ره‌وه و له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌دا و له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانه‌وه ده‌خرێته بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه. له نه‌بوونی وه‌ها ده‌وڵه‌تێکدا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به دوو شێوه به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌سازییه‌وه ده‌چێت، یه‌که‌میان له به‌رامبه‌ر وێژمانگه‌لێک که له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی کورد خووی گرتووه و ڕۆژانه دوژمنایەتی له‌گه‌ڵ ئه‌و شوناسه سه‌ربه‌خۆیه ده‌کات بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان. دووهه‌میان به که‌ڵک‌وه‌رگرتن له به‌هێزکردنی هه‌ستی هاوبه‌ش له ڕێگه‌ی هێما و که‌ره‌سته‌گه‌لێک که له‌نێو مێژووی هاوبه‌ش، ئه‌ده‌بیات و ئوستووره‌کانی نه‌ته‌وه‌ییدا ڕیشه‌ی داکوتاوه، خەریکه خۆی ده‌نوێنێت. هه‌ر بۆیه له کوردستاندا نه‌ته‌وه‌سازی وه‌کوو پڕۆسه‌یه‌کی سروشتی خه‌ریکه خۆی ده‌رده‌خات و هه‌ستی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان کورده‌کاندا دروست ده‌کات، به‌ڵام بۆ بیچمگرتنی ئه‌و هه‌سته ده‌روونییه ڕێگایه‌کی دوور و درێژ له پێشدایه چونکه زیاتر ئه‌و هه‌سته هاوبه‌شه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه وێنه‌ی زنجیرێک پێکه‌وه گرێ دراون وه‌کوو چه‌مک و که‌ره‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌لایه‌ن بژارده‌کانه‌وه شرۆڤه و شی ده‌کرێته‌وه، پێویسته. ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی ئازادسازیی کورد بۆ هه‌موو جۆراوجۆرییه‌ک له چوارچێوه‌ی وێژمانی نه‌ته‌وه‌یی خه‌باتی خۆیدا بوونی هه‌یه ده‌بێت پێکه‌وه گرێیان بدات. ڕێو‌ڕه‌سمی ئابووری بۆ ژێرده‌ستان، پێکهاته‌ی چینایه‌تی و توێژبه‌ندیکراوی له‌بار بۆ سازکردنی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستاندا بێته‌دی. له ڕاستیدا پێکه‌وه‌ییه‌کی سه‌رتاسه‌ری نێوان ناوه‌نده‌کان، بژارده‌کان و که‌سانی خاوه‌ن وێژمانی ناسیۆنالیزمی پێویسته هه‌تا کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ڕێگه‌ی ته‌واوکه‌ری پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی ڕێنوێنی بکه‌ن و هه‌ڵبه‌ت ڕێگه‌یه‌کی دوور و درێژ له پێشدایه. له دۆخی هه‌نووکه‌یی جیهاندا و پێشکه‌وتنه به‌رچاوه‌کانی مرۆڤ له بواری ڕاگه‌یاندن و فه‌زای سایبێری وه‌رزی کۆتایی به سه‌ر گێڕانه‌وه‌کاندا هاتووه، گێڕانه‌وه‌هایه‌ک که ته‌نیا ده‌وڵه‌ته‌کان و خاوه‌ن هێزه‌کانی نیشان ده‌دات له کاتێکدا فه‌زای نوێ ئه‌و هه‌له‌ی بۆ جۆراوجۆرییه‌کان پێک‌هێناوه تاکوو گێڕانه‌وه‌یان له شوناسی خۆیان هه‌بێت، پێناسه‌یه‌ک که پێشتر له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتدار یان حکوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه باس له شوناسی کورده‌کانه‌وه ده‌کرا، به‌ڵام له ئێستادا کورده‌کان خۆیان شوناسی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و شرۆڤه‌کاری تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازییه که‌لتووری، مێژوویی و ده‌روونییه‌کانی خۆیانن بۆیه ئه‌و فه‌زا به‌ستێنێکی له‌باره بۆ کورده‌کان تاکوو پێناسه‌یه‌کی وردی خۆیان له چوارچێوه‌ی ته‌واوکردنی ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌سازی نیشان بده‌ن.
نه‌ته‌وه‌سازی چ ده‌رهاویشته‌یه‌کی له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی جیاوازی کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بێت؟
نه‌ته‌وه‌سازی ڕه‌وتێکی چه‌ند لایه‌نه‌یه که ده‌توانێت ده‌رهاویشته‌ی به‌ربڵاوی به سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێت، ئه‌و ده‌رهاویشتانه ده‌توانێت ئه‌رێنی یان نه‌رێنی بێت، نه‌ته‌وه‌سازییه‌ک که ڕه‌وتی سروشتی خۆی تێپه‌ڕێنێت و له ماوه‌ی پڕۆسه‌ی مێژوویی و ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ڕوویان داوه که خاوه‌نی که‌مترین ده‌رهاویشته‌ی نه‌رێنیه، به جۆرێک که کۆمه‌ڵگه له ڕه‌وتی پڕۆسیه‌کی ئه‌زموون و هه‌ڵه‌دا ده‌گه‌نه خاڵێك هه‌ستی هاوبه‌شی گشتی و هه‌ستی ده‌روونیی هاوپێوه‌ندی و به‌ستراوه‌یی نێوان هه‌موو لایه‌کی کۆمه‌ڵگه پێک دێنێت. ڕه‌وتێک که ئورووپا وه‌کوو نموونه‌ی دیاری نه‌ته‌وه‌سازیی سروشتیه، ڕاسته که شۆڕشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا خۆی خاوه‌نی چه‌ندین ده‌رهاویشته‌ی وه‌کوو په‌راوێزخستنی جیاوازییه قه‌ومییه‌کان بوو و که‌لێنی قه‌ومی له‌نێو کۆمه‌ڵگه تایبه‌ته‌کان له وڵاتگه‌لێک که له بواری قه‌ومییه‌وه نالێکچوو بوون چالاکی نواند، به‌ڵام له کۆتاییدا تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه بووه هۆی سه‌قامگیریی دێموکراتیک، جۆرێک له سه‌قامگیریی که ڕوویه‌کی دیکه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی یان دێموکراسی پێک‌هێنا، بۆیه نه‌ته‌وه‌گه‌رایی یان نه‌ته‌وه‌سازی له ئورووپادا ڕێخۆشکه‌ر بوو بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تێکی دێموکراتیکی نه‌ته‌وه‌یی. جێگای باسه له وڵاتێک‌دا ئه‌و ڕه‌وته سروشتی‌یه بیچمنه‌گرێت، ئه‌وا ده‌رهاویشته‌ی نه‌رێنی زیاتری به دواوه‌یه به جۆرێک که ئه‌و شێوه له ڕێگه‌ی زۆرەملێوه تێده‌په‌ڕێت و ئه‌و زۆره‌ملێیه هۆکاری سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌کان و له‌به‌رچاونه‌گرتنی جیاوازییه زمانی و قه‌ومییه‌کان له‌و یه‌که سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه. له ده‌رهاویشته‌ی ئه‌رێنی نه‌ته‌وه‌سازیدا ده‌توانین به دروستکردن و به‌رده‌وامیی شوناسی کولتووری هاوبه‌ش، په‌ره‌سه‌ندنی یه‌کانگیریی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌هێزکردنی ناوه‌ندگه‌لێک که بتوانن له کۆتاییدا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروست بکه‌ن، هه‌ستی شانازیی نه‌ته‌وه‌یی و پێگه و قورسایی نێونه‌ته‌وه‌یی و ... ئاماژه بکه‌ین.
ڕۆڵی حیزبه‌کانی کوردستان له پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
حیزبه سیاسییه‌کانی کورد که زۆربه‌یان له ڕاستای خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌کان تێده‌کۆشن و دامه‌زراون، ڕۆڵی سه‌ره‌کی له پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیدا ده‌گێڕن، حیزبه‌کان که له ئه‌سڵدا وێژمانیان لەسه‌ر ڕاستای بواری شوناسی کوردییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، شوێندانه‌ریه‌کی زۆریان له ته‌واوکردنی ئه‌و پڕۆسه‌دا هه‌یه، ئه‌و حیزبانه، به‌تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که له هه‌مان ڕۆژه سه‌ره‌تاییه‌کانی دامه‌زرانیه‌وه، به دروستکردنی ناوه‌ندی جۆراوجۆر بۆ خزمه‌ت به بیچمگرتنی وێژمانی نه‌ته‌وه‌یی و پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی هه‌نگاوی هه‌ڵهێناوه، ناوه‌ندی په‌روه‌رده که له‌سه‌ر زمانی کوردی دامه‌زراوه یه‌کێک له گرنگترین هه‌وڵه‌کانی ئه‌و حیزبه‌یه بۆ پاراستنی شوناسی جیاوازی کورد له به‌رامبه‌ر ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دواتر نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی به دوای پشتگوێخستن و یه‌کسانسازی جیاوازییه‌کانی دیکه‌ی ئێران به‌تایبه‌ت کورده‌کانه‌وه بوو. حیزبی دێموکرات و حیزبه‌کانی دیکه که ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوون به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد بووه به‌شێک له به‌رنامه‌کانیان، ڕۆڵێکی به‌رچاویان له‌مه‌ڕ به‌هێزکردنی هه‌ستی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌کان و خۆشکردنی ڕێگه‌ی دژواری نه‌ته‌وه‌سازی بوو. په‌ره‌پێدانی زمانی کوردی، پێداگریی له‌سه‌ر که‌ڵک وه‌رگرتن له جلوبه‌رگی کوردی وه‌کوو جلوبه‌رگی هێزی نیزامیی کورده‌کان یانی "پێشمه‌رگه"، جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی جێژنی "نه‌ورۆز" وه‌کوو جێژنی نه‌ته‌وه‌یی کورد و که‌ڵک‌وه‌رگرتن له ئوستووره مێژووییه‌کان بۆ ڕوونکاریی ئه‌و جێژنه، به‌رزڕاگرتنی ئه‌ده‌بیاتی کوردی وه‌کوو به‌شێکی دانه‌بڕاوه و شوێندانه‌ر و جیاوازیی کولتووری کوردی له به‌رامبه‌ر وێژمانی دوژمنکارانه و هه‌وڵه‌کانی دیکه که له ماوه‌ی ده‌یه‌کانی ڕابردوودا کاری بۆ کراوه یارمه‌تییه‌کی به‌رچاوی به هه‌ستی ده‌روونی هاوبه‌شی نێوان کورده‌کان داوه له کۆتاییدا ده‌توانێت پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی ته‌واو به ئاکام بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای شوێندانه‌ریی ئه‌رێنی که حیزبه کوردییه‌کان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی بوویانه ده‌توانین ڕێژه‌ی زۆریی حیزبه‌کانی کوردستانیش وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک بۆ هۆکاری بیچمنه‌گرتنی وێژمانی هاوبه‌شی کورده‌کان له به‌رامبه‌ر وێژمانی دوژمنکارانه ئاماژه پێ بکه‌ین. به‌و پێیه له ماوه‌ی ساڵانێکی زۆردا، ململانێی و دووبه‌ره‌کی نێوان حیزبه‌کان هۆکاری لاوازیی کر‌دە‌یی کورده‌کان له به‌رامبه‌ر دوژمن که له بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌سه‌ر شوناسخوازی ده‌ست پێکردووه، دوژمنایەتی نێوان کورده‌کان و حکوومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که دوژمنان نه‌یانویستووه شوناسی جیاوازی کورد له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌ک که کورده‌کان له شوناسی خۆیان هه‌یانه، قبووڵ بکه‌ن. که هه‌ڵبه‌ت ناکۆکییه‌کانی حیزبه‌کان هۆی لاوازیی وێژمان و کزیی له کرده‌وه‌ی سیاسی له به‌رامبه‌ر دوژمن‌دا بووه. بوونی حیزبه‌کان له دۆخێکی ئاسایی له ده‌وڵه‌تێکدا ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی هه‌ستیی ده‌روونیی هاوبه‌ش لەنێوان هاووڵاتیان ئه‌ویش به‌هۆی به‌شداریکردن له پڕۆسه سیاسییه‌کاندا. به‌ڵام له دۆخی ئێستای کورده‌کان که له کاتی خه‌باتدان بۆ به‌دیهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌واوکردنی پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی بۆ ڕێگری‌کردن له تواندنه‌وه و سڕینه‌وه‌یان، ده‌توانێت زیانبه‌خش بێت، که چاره‌ی ئه‌و کێشه‌یه بیچمگرتنی وێژمانی هاوبه‌شی نێوان حیزبه سیاسییه‌کانی کورده‌کانه که به‌رامبه‌ر ئه‌ویتری ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، بابه‌تێک که سه‌رده‌مانێکه له‌لایه‌ن بژارده‌کانی کورده‌وه پشتگوێ خراوه تاکوو ئێستا نیشانه‌یه‌ک له به‌دیهاتنیان به‌دینه‌کراوه.
ڕێگه جیاوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌سازی کامانه‌ن؟ و ئێوه وه‌کوو کارناسێکی سیاسیی چ ڕێگه‌گه‌لێک بۆ نه‌ته‌وه‌سازی پێشنیار ده‌که‌ن؟
هه‌ڵبه‌ته له وەڵامی پێشوودا ئاماژه‌مان به پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی و ڕێگەکانی کرد به‌ڵام به‌گشتی ده‌توانین دوو ڕێگه بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه باس بکه‌ین؛ یه‌که‌میان: شێوه‌ی سروشتی‌یه که له ڕه‌وتێکی مێژوویی و له‌سه‌ر هه‌ڵکشان و ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵاتییه‌کان له ماوەیه‌کی دیاریکراو به‌پێی توانایی کۆمه‌ڵگه و ڕۆڵگێڕیی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که ده‌توانن درێژ یان کورت بێت، ڕوو بدات، وه‌کوو ئه‌وه‌ی له ئورووپای سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌دا ڕووی دا. ئه‌و ڕه‌وته زیاتر به په‌ره‌گرتنی ئابووری و سیاسی کۆتایی دێت چونکه له ڕاستیدا ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان پێک دێت که به‌رهه‌می گشتیی پێکه‌وه هه‌ڵکردنی هێزه‌کان و چینه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه‌یه و به‌شداریی ئه‌وان له‌و خاڵه‌دا ئه‌رێنی و به‌جێیه، دووهه‌م: نه‌ته‌وه‌سازی زۆره‌ملێ به‌پێی ئه‌ساسی پڕۆژه‌یه‌کی دیاریکراو، ده‌وڵه‌تێک بۆ به‌هێزکردنی هه‌ستی ده‌روونیی هۆگربوون به خاکێکی تایبه‌ت کۆمه‌ڵه هه‌وڵێکه که به‌ڕێوه ده‌بات، که زۆربه‌یان به جیاوازیی زمانێک له جیاوازیی زمانه‌کانی دیکه، که‌لتووره جیاوازه‌کان یان شوناسی قه‌ومی له به‌رامبه‌ر شوناسی دیکه‌دا کۆتایی پێ دێت، له نه‌بوونی جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی جیاوازییه‌کانی دیکه یان به زۆر ده‌سڕێنه‌وه یان خواست و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیان له‌به‌رچاو ناگیردرێت و له ماوەیه‌کی زه‌مەنیدا هه‌وڵ ده‌درێت بیانتوێننه‌وه، ئێرانی سه‌رده‌می پاڵه‌وی نموونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و نه‌ته‌وه‌سازییه‌یه. به سه‌رتر نیشاندانی زمانی فارسی و نیشاندانی ئێرانێکی یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک زمان و یه‌ک ئاڵا فه‌رمییه‌تی پێ درا و ئه‌وانی دیکه یان مه‌حکووم بە له نێوچوون یان ناچار به قبووڵکردن و تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌لتووره بوون، چوارچێوه و بنه‌ڕه‌تی ئه‌و بیرۆکه‌یه ئه‌و پڕۆژه بوو. له ڕاستیدا پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی له کوردستاندا له سه‌رده‌مێکی هه‌ستیاردایه به‌و واتایه که ئه‌و ڕه‌وته له مێژه به هاناوه‌هاتنی له ئاڵوگۆڕه جیهانییه‌کان و گۆڕانێک له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ڕوویان داوه، ده‌ستی پێکردووه و هه‌میش هێزه سیاسییه‌کانی کورد و هه‌م کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی کوردستان له‌و بواره تێگه‌یشتوون که پێناسه‌ی شوناسی جیاواز که ناوی کورده "نه‌ته‌وه"یه، پێداگریی له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لی جیاواز ڕۆژ به ڕۆژ له هه‌ڵکشاندایه و ئه‌و ڕه‌وته ده‌توانێت ئه‌رێنی و به‌جێ بێت، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌م نه‌ته‌وه له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنێکی گرنگ و مێژوویدایه که ئایا قبووڵ ده‌کات وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته سه‌قامگیره‌کان درێژه به ژیانی سیاسی بدات یان به ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی کوردییه‌وه به‌ره‌و پێش بڕوات؟ له هه‌ر حاڵه‌تێکدا هه‌رکام له‌و بژاردانه هی کورد بن، بژارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که‌لتووری و سیاسی و هه‌روه‌ها حیزبه سیاسییه‌کان ده‌بێت له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و بابه‌ته نه‌ته‌وه‌سازییه‌کان جه‌خت بکه‌نه‌وه و له بیچمگرتن به ڕۆحی گشتی و هه‌مه‌لایه‌نه که له کۆتاییدا ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی هه‌ستی گشتیی نه‌ته‌وه‌یی پێداگریی ده‌کات و ناوه‌ندی په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه بنیات بنێن و به‌و شێوه‌یه ده‌توانێت یارمه‌تی به به‌هێزکردنی کۆمه‌ڵگه بکات و له کۆتاییدا له دوای ماوه‌یه‌ک پڕۆسه‌ی ئه‌و ڕه‌وته به‌ته‌واوه‌تی به ئامانجی خۆی ده‌گات.
کاک ئازاد سپاس له‌وه‌ی کاتتان دانا بۆ ئه‌م وتووێژه
تکایه.