چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی هێرشێکی توندی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە دوورگەی خارک، قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەڕەشەی لە ژێرخانە نەوتی و وزە پەیوەندیدارەکان بە ئەمریکا کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی ئێران، تەواوی ژێرخانە نەوتی و وزەکان کە سەر بەو کۆمپانیایانەن کە هاوکاری ئەمریکا دەکەن دەستبەجێ لەنێودەبرێن و دەکرێن بە خۆڵەمێش.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دوورگەی خارک، لە بەیاننامەکەی خاتەمولئەنبیادا ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بەو بابەتە نەکراوە.
پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر خارک، تەنیا ئامانجە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج و هیچ زیانێک بەر ژێرخانی نەوتی ئەو دوورگەیە نەکەوتووە.
لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە ئەگەر ئێران ڕێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بکات، ڕەنگە بڕیاری واشنگتۆن سەبارەت بە هێرش نەکردن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی خارک بگۆڕدرێت.