لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، شەوی هەینی ٢٢ و بەرەبەیانی شەممە ٢٣ی ڕەشەمە، یەکێک لە بەرفراوانترین شەپۆلەکانی هێرشی ئاسمانی دژی ئامانجە سەربازییەکان لە نێوخۆی ئێراندا ئەنجام دراوە.
گرنگترین ڕووداوی ئەم ئۆپەراسیۆنە، هێرشی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارک بوو.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە سێنتکام بە فەرمانی ئەو هەموو ئامانجە سەربازییەکانی نێو دوورگەی خارکی تێک شکاندووە.
هاوکات، هێرشی بەرفراوان لە شارەکانی تاران، کەرەج، شیراز، ئیسفەهان، قوم، سیرجان، کیش، ئیسلامشەهر، تەورێز، ورمێ و شاری خور لە لوڕستان ڕاپۆرت کراون.
لە تاران چەندین ژێرخانی سەربازی، خاڵەکانی پشکنین و ناوەندەکانی وەک "پەیمانگای توێژینەوەی فەزایی ئێران" کرانە ئامانج و لە هەندێک ناوچەی ڕۆژاوای پێیتەخت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کارەبا پچڕا.
ڕاپۆرتەکان هەروەها باس لە هێرشکردنە سەر پیشەسازییە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە شیراز، بنکەی هێزی دەریایی سپا لە سیرجان و بنکەیەکی مووشەکیی سپای پاسداران لە ورمێ دەکەن.
لە تەورێزیش، دوای دەرکردنی ئاگادارکردنەوە بۆ چۆلکردنی ناوچەکە، ناوچەی پیشەسازیی ڕۆژاوای ئەو شارە کرایە ئامانج.