کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە شاری سەردەشت

18:47 - 26 رێبەندان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، کاک عومەر حەسەنی ناسراو بە هێمن، بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

کاک هێمن حەسەنی لە زانکۆی تاران ئەندازیاریی عومرانی خوێندبوو.

ناوبراو بە هۆی هەستی بەرزی نەتەوەیەوە ماوەی چەند ساڵێک فێرگەی زمانی کوردی کردبووەوە و لەو ڕێگایەوە خزمەتێکی بەرچاوی لە پێگەیاندن و فێرکردنی زمانی کوردی بە لاوانی شار کرد.

کاک هێمن کەسایەتییەکی خوێندەوار، نیشتمانپەروەر و گەلدۆست بوو کە بە هۆی بیری کوردایەتی و حیزب خۆشەویستییەوە لەگەڵ زۆربەی نیشتمانپەروەران و چالاکانی ناو شاری سەردەشت دۆستایەتیی نزیکی هەبوو و بەردەوام ڕێنوێنی و ئامۆژگاری دەکردن.

هەر لەم پێوەندییەشدا لە دەیەکانی ٧٠ی هەتاویدا چەندین جار لەگەڵ کادرەکانی حیزب لە سەردەشت دیداری کردووە و کەسێکی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.