کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی سێ شەهیدی کوردستان لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان

18:48 - 26 رێبەندان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، دایە ئەستی قاسمی دایكی سێ شەهیدی کوردستان بە ناوەكانی عەلی، ئەمیر و هەژار ڕەزایی بە هۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، لە ئاوایی قەڵای هۆلاكۆ سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆكان ماڵاوایی لە ژیان كرد.

دایە ئەستی ژنێكی شۆڕشگێڕ، نیشتمانپەروەر، خۆشناو و كەسایەتییەكی بەرزی ناوچەی ئاڵەشینی بۆكان و شێرەژنێكی بە ئیمان و چاونەترس و پێشمەرگەپەروەر بوو.

دایە ئەستی لە ساڵەكانی ٦٠هەتا ٧٥ی هەتاوی كاتێک پێشمەرگە لە ناوچەدا بوون هەمیشە دەرگای ماڵەکەی بۆ كادر و پێشمەرگەكانی هێزی بەیان و ناوچەی ئاڵەشینی بۆكان ئاوەڵا بوو و بە دڵ و بە گیان خزمەتی بە پێشمەرگە و كادرەكانی حیزب دەكرد.

سێ کوڕی دایە ئەستی لە ڕێگای ڕزگاری کوردستاندا و بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کراون.

کوڕێکی دایە ئەستی بە ناوی عەلی ڕەزایی لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٣٦٢دا لە ئاوایی شێخاڵی سەر بە ناوچەی ئەحمەدی كۆڕ لە شەڕێكی قارەمانانەدا شەهید بوو.

کوڕی دیکەی دایە ئەستی بە ناوی ئەمیر ڕەزایی لە دوای شەهیدبوونی براکەی چەكەکەی لە شان کرد کە بەداخەوە لە ڕۆژی ٢٢ پووشپەڕی ١٣٦٣ی هەتاویدا لەگەل ٢٤ پێشمەرگەی دیكەدا گیانیان فیدای كوردستان كرد.

کوڕێکی دیکەی دایە ئەستی بە ناوی هەژار ڕەزایی لە ڕێكەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٧هەتاوی لە نێوان ئاواییەكانی موشیرئاباد و برایم ئاباد سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆكان لەگەل هاوسەنگەرێكی دیكەی بە ناوی شەهاب حەیدەری لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی حیزبیدا بەدەستی جاش و پاسدارە تێرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی شەهید بوو.

دایە ئەستی هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.