کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: کۆمەڵگەی جیهانی خوازیاری ڕاگرتنی لەسیدارەدان و ئازادیی شەریفە محەممەدی بێت

10:39 - 27 رێبەندان 2724

ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕێبەندان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە توندی ڕەخنەی لە دووبارە دەرکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریی بەندکراو لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گرت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام جەختی لەوە کردەوە کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا پێویستە دەستبەجێ داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران بکەن کە هەر پلانێک بۆ لەسێدارەدانی شەریفە ڕابگرن و دەستبەجێ ئازادی بکەن".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نووسیویەتی: "شێوازی بێشەرمانەی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی دادگاییکردنی زۆر نادادپەروەرانە لە دادگاکانی ئینقلاب و بە ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی خراپی دیکەدا، جارێکی دیکە پێشێلکردنی ئاشکرایان بۆ مافی ژیان ئاشکرا دەکەن".

ئەو ڕێکخراوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە "دەستبەجێ هەنگاو بگرنەبەر".

کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەممەدی ڕۆژی پێنجشەممە بە زاری محەممەد ڕەزا نەزەری نژاد و محەممەدڕەزا سەروەری پارێزەرانی ئەم چالاکە کرێکارییە بەندکراوە ڕایگەیاند کە شەریفە محەممەدی کە لە دادگای باڵادا حوکمی لەسێدارەدانی هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی بۆ دووبارە لێپرسینەوە ڕەوانەی لقی هاوتەریب کرا، جارێکی دیکە لەلایەن لقی دووهەمەوە لە دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕەشت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

بە پێی حوکمی لقی دووی دادگای ئینقلاب لە ڕەشت کە ڕادەستی پارێزەرانی شەریفە محەممەدی کراوە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان" حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

شەریفە محەممەدی تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی میانە لە سەر بە پارێزگای تەورێز و دانیشتووی شاری ڕەشت، ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕەشت دەسبەسەر و بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک لە ژوورێکی تاکەکەسی لە زیندانی لاکان لە ڕەشت زیندانی کرا و دواتر بۆ ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.