![](/content/upload/1/news/77747_w920.jpg)
کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسی لەمەڕ بڕیاری هەڵوەشانەوەی بڕیاری تێپەڕاندنی سزای خۆی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لەلایەن لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارەی بە "نایاسایی و نادادپەروەرانە" ناو برد ڕایگەیاند کە پاش چوونەوە بۆ بەندیخانە مان لە خواردن دەگرێت.
دادگای پێداچوونەوەی ئیلام لە ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم بڕیارەی دژی ئەم بەندکراوەی بزووتنەوەی ژینا دەر کردووە و بەپێی بەڵگەی بانگکردنێک کە ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان بەم هاووڵاتییە گەیشتووە، ناوبراو ٥ ڕۆژ دەرفەتی هەیە کە مەبەستی جێبەجێکرانی بڕیارەکەی و تێپەڕاندنی درێژەی سزاکەی، خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.
ماوەیەک پێش ئەم هاووڵاتییە لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکدا لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو.
ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کیانووش چراغی، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.
ئەم هاووڵاتییە، ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام و هەڵکەوتوو لە دێهلۆڕان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید ڕەزا سەلاحەدینی" بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم"، بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درابوو.
هەروەها لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، کیانووش چراغی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناراستی بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگەی سامانەی کامپیۆتری" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دێهلۆڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حوسێن پەناهی" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لە بەسەرهات، ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ١٠ کەس لە کوژراوانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بە دەستوخەتی خۆی کە لەلایەن بونیادی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بایەخەکانی دفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلام پشتڕاست کرابێتەوە، سزا درا.
شەوی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
ئەم فەرمانبەرە پێشووەی تەئمین ئێجتماعیی دێهلۆڕان ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١یش لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ ئازاد کرابوو.