کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروسی: ئێران بەنیازە بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی ٦٠٪ حەوت هێندە زیاد بکات

11:37 - 27 رێبەندان 2724

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە زیادکردنی حەوت هێندەی مانگانەی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی ٦٠٪ ئێران هۆشداری دا، و وتی کات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران خەریکە تەواو دەبێت.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕێبەندان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخ، ڕافائێل گروسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە تاران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی نزیک بە پلەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بەرهەمی مانگانەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ نزیکەی حەوت هێندە زیاد کردووە بە شێوەیەک کە ئێران تا ئەو کاتەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕاپۆرتی داهاتووی خۆی لە چەند حەفتەی داهاتوودا پێشکەش دەکات، نزیکەی ٢٥٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ دەبێت.

ڕۆیتێرزیش نووسیویەتی ئەم ڕێژەیە لە ئۆرانیۆمی پاشەکەوتکراو، ئەگەر ئاستی پیتاندنی بۆ ٩٠٪ بەرز بکرێتەوە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی بەکار بهێنرێت.

هەروەها گروسی ڕایگەیاند ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە کە پێویستە زۆر بە جیددی وەربگیرێت و نابێت کاتێکی زیاتر بەفیڕۆ بدەین.

لە سەرەتای مانگی ڕێبەنداندا ناوبراو داوای لە حکوومەتی دۆناڵد ترامپ و کۆماری ئیسلامی کرد کە بۆ پێشخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بەشداریی وتووێژ بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە وتووێژ بەتەواوەتی پێویستە و بەبێ ئەو، پێشکەوتنێک بەدی نایەت.

جەختکردنەوەکانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لەم دواییانەدا دژایەتیی ڕوونی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و وتی: دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ نە ژیرانەیە، نە زیرەکییە، و نە شەرەفمەندانە.

هەروەها مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ئێران وێڕای پشتیوانی لە هەڵوێستی عەلی خامنەیی، ئیدیعای کرد کە دۆناڵد ترامپ دەیەوێت ئینقلابەکەمان بە چۆکدا بێنێ.

حەفتەی ڕابردوو ترامپ بڕیاری زیندووکردنەوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار دژی ئێرانی واژۆ کرد، بەڵام ڕایگەیاندبوو کە هیچ ئارەزووی واژۆکردنی بڕیاری زۆرترین گوشار بۆ سەر ئێرانی نییە و هیوای خواست کە بتوانرێت ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی؛ ڕێککەوتنێک کە بە وتەی ناوبراو ڕێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئێران بکات.

دوابەدوای دژایەتیی ئاشکرای عەلی خامنەیی بۆ دانوستانەکان، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئامانجی هەڵمەتی "زۆرترین گوشار" ئەمریکا گەڕاندنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانە بۆ ڕێژەی ١٠٪ یە لە ئێستادا.