
موحسین باقری، ئەندامی کۆمیتەی مووچەی شۆرای باڵای کار، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان ڕایگەیاند، سەبەتەی بژێوی مانگانەی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٣٨ میلیۆن تمەن.
پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سەبەتەی بژێوی لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا نزیکەی ٢٩ میلیۆن و ٩٤٠ هەزار تمەن بووە.
موحسین باقری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا وتی: لە دوو مانگی ڕابردوودا نرخی هەموو کاڵا سەرەتاییەکان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی؛ نرخی ڕۆن نزیکەی ٤٠٪ بەرز بووەتەوە، برنج نزیکەی ١٠٠٪، هەروەها کەلوپەلەکانی وەک پەتاتە و پیازیش نرخیان بەرز بووەتەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە تێکڕای بەرزبوونەوەی نرخی سەبەتەی بژێوی ژیان لەم دوو مانگەدا زیاتر لە ٣٠٪ بووە.
هەروەها ناوبراو زیادی کرد: ئەگەر هەڵاوسانی ٣٠٪ وەک بنەما وەربگرین و بیخەینە سەر سەبەتەی ٢٩ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار تمەنی، دەگەینە ئامارێک کە نزیکەی ٣٨ ملیۆنە بۆ سەبەتەی بژێوی ژیانی مانگی ڕێبەندان.
پێشتر حەمیدڕەزا ئیمام قولیتەبار، پشکێنەری ئەنجومەنی باڵای نوێنەرانی کرێکاران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، تێچووی سەبەتەی بژێوی ژیانی بە نزیکەی ٤٠ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندبوو.
جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەم بڕە پارەیە بۆ خێزانێکی ٣.٣ کەسی بە کەمترین ئاستی خۆشگوزەرانی، بۆ ژیانێکی زۆر باش، تێچووی سەبەتەی بژێوی ژیان زیاتر لە ٥٠ میلیۆن تمەنە بۆ یەک مانگ.
لە ئێستادا کەمترین مووچەی مانگانە بۆ ئەو کرێکارانەی کە یاسای کار دەیانگرێتەوە و خێزاندارن و منداڵیان هەیە، ١٠ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەنە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمان بڕە پارە بەو کرێکارانە نادرێت کە یاسای کار نایانگرێتەوە.
هەروەها بە پێی ماددەی ٤١ی یاسای کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەمترین حەقدەستی مانگانەی کرێکاران بە پشتبەستن بە ڕێژەی هەڵاوسان و هەروەها تێچووی بژێوی بنەماڵەی کرێکار دیاری بکرێت. بەڵام چالاکانی کرێکاری جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەنجومەنی باڵای کار لە کاتی دیاریکردنی مووچەدا، هیچکات تێچووی ژیان لەبەرچاو ناگرێت.
سەبارەت بە ڕێژەی هەڵاوسان، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە ١٩ی ڕێبەنداندا ئیدعای کردووە کە سەرەڕای ئەوەی ئامارەکان دەڵێن هەڵاوسان کەمی کردووە، کرێکاران هەست بەو شتە ناکەن و دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران بە شێوەیەکی بەرچاو زۆری کردووە و زۆرێک لە ماڵە کرێکارییەکان ناچار بوون بەکارهێنان کەم بکەنەوە یان هەندێک پێداویستیی سەرەکی کە توانای کڕینیان نییە لە سەر سفرەی خۆیان بەگشتی نەهێڵن.