کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی سەرسووڕهێنەری هەڵاوسان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی کەنداو

18:27 - 27 رێبەندان 2724

لە نوێترین ئاماری بڵاوکراودا، ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتانی کەنداو لە ئاستێکی زۆر نزم و کۆنترۆڵکراودایە، لە کاتێکدا ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی ڕووبەڕووی هەڵاوسانێکی بێوێنە و سەرسووڕهێنەر بووەوتەوە.

ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتی عومان تەنیا ٠.٧٪ ـە و وڵاتانی بەحرەین و قەتەر و عەرەبستان سەقامگیرن و ڕێژەی هەڵاوسان کەمێک لە ١٪ زیاترە. هەروەها ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەڵاوسان بە ڕێژەی ٢.٤٪ ئەزموون دەکات کە ئەمەش ڕێژەیەکی لەبارە بە بەراورد بە نێونجی جیهانی.

لەم ئامارەدا هەڵاوسانی ئێران نزیکەی ١٨ بەرابەر لە عەرەبستان زیاترە کە لە پلەی دووهەمی هەڵاوسان لە ناوچەکەدایە، هەروەها ٦٠ بەرابەر لە عومان زیاترە کە کەمترین هەڵاوسانی هەیە.

بەڵام ئێران بە ڕێژەی هەڵاوسانی زیاتر لە  ٤٢٪، نەک تەنیا لە نێو وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکوو لە جیهاندا لە ڕیزەکانی سەرەوەی هەڵاوساندایە. ئەم جیاوازییە بەرچاوە دەرئەنجامی سیاسەتی نادروستی ئابووری و گەندەڵیی سیستماتیک و بەڕێوەبردنی ناکارامەی ئێرانە کە گوشاری قورسی بەسەر ژیانی خەڵکدا سەپاندووە.

ئەم ئامارانە بۆشایی قووڵی ئابووریی ئێران و وڵاتانی دراوسێ و بە ڕوونی نارکارامەیی سیستمی حوکمڕانی لە بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵاتدا نیشان دەدەن.