
لەسەر داوای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست بۆ ڕاگرتنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی داوایەکی ڕوو بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵاو کردەوە.
دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:
ڕێکخراوی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست (IUSY) داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەستبەجێ لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕابگرن.
ڕێکخراوی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەستبەجێ لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی تەمەن ٤٠ ساڵە کە توێژەری کۆمەڵایەتی کوردە ڕابگرن، پەخشان عەزیزی نزیکەی دە ساڵ لە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و منداڵانی ئاوارەبوو بەهۆی شەڕی داعش لە ڕۆژئاوا.
ڕۆژی پێنجشەممە، پارێزەرازنی یاسایی ئەو دووپاتیان کردەوە کە دەزگای قەزایی ئێران داواکارییەکەی بۆ پێداچوونەوە بە دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی ڕەت کردووەتەوە و لە هەمان کاتدا هەڵپەساردنی حوکمی لەسێدارەدانیشی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی مەترسیی دەستبەجێی لەسێدارەدان. تانە لێدان لەو بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە یەک ڕۆژدا ڕەت کرایەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێداچوونەوەیەکی مانادار بە دۆسییەی کەیسەکەدا بکرێت، ئەمەش نەبوونی تەواوەتی ڕێوشوێنی یاسایی نیشان دەدات.
چەندین پسپۆڕی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی دیکە هۆشدارییان داوە کە دادگاییکردنی پەخشان عەزیزی پێشێلکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. سزادانی ئەو خانمە لەسەر بنەمای تۆمەتی سیاسییە نەک پرۆسەیەکی دادوەری یاسایی.
یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست داوا دەکات دەستبەجێ دەسەڵاتدارانی ئێران:
ـ حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕابگرن و مافی دادگایییەکی سەربەخۆ و دادپەروەرانە بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەستەبەر بکەن.
ـ دڵنیابوون لە شەفافییەتی تەواو لە ڕێوشوێنە یاساییەکانیدا بە ڕێگەدان بە چاودێرانی سەربەخۆ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە دەستیان بە دۆسیەکەی بگات.
ـ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان دژی زیندانیانی سیاسی و چالاکان و کەمینە نەتەوەییەکان، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی کە ڕێکاری یاسایی بە شێوەیەکی توند پێشێل کراوە.
یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست هاوسۆزی تەواو لەگەڵ پەخشان عەزیزی و هەموو ئەوانەی بەهۆی چالاکیی و هەوڵە مرۆییەکانیانەوە بە ناڕەوا کراونەتە ئامانج دەردەبڕێت. ئێمە داوا لە حکوومەتە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ڕێکاری دیپلۆماسی و یاسایی خێرا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرنەبەر بۆ پێشگرتن بەم لەسێدارەدانە.
ئێمە بێدەنگ نابین لە کاتێکدا ژنێکی بێتاوان دەکوژرێت.