
پرۆژەی دروستکردنی دێهکەدەی ئۆلەمپیکی کرماشان کە ساڵانێکە وەکوو هێمایەک لە دواکەوتوویی بوارەکانی ئاوەدانی و کارگێڕییە دیارەکان لە پارێزگای کرماشان لەبەرچاوە، هەروەها نیوەچڵ ماوەتەوە و سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی بەرپرسان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا ئەم پڕۆژەیە بە جێگایەیک نەگەیشتووە.
یەکەمین جار لە ساڵی ١٣٨٥دا بوو کە مەجید غەفووری، پارێزگاری ئەوکاتی کرماشان باسی لە بونیاتنانی دێهکەدەیەکی ئۆلەمپیک لە زەوینێک بە ڕووبەری ١٢٠ هێکتار کرد.
بەپێی پلانە سەرەتاییەکان، بڕیار وابوو کە ئەم کۆمەڵەیە مەلەوانگەی قارەمانیی نێودەوڵەتی، ستادیۆمی ٦ هەزار کەسی و کۆمەڵەیەک بۆ وەرزشەکانی کەنارئاوەکان لەخۆ بگرێ، بەڵام تاکوو ئێستا هیچکام لەم گەڵاڵانە کۆتاییان پێ نەهاتووە تاکوو کەڵکیان لێ وەربگیرێ.
لە ساڵی ١٣٨٥ـەوە تاکوو ئێستا سەرەڕای سەردانە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و پاریزگای ئەو کات لەم پرۆژەیە و ڕاگەیاندنی بەڵێنی بەردەوام لەلایەن وەزیرەکانی ئەو کاتی وەرزش و باقی کەسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان، هیچکام لەم گەڵاڵانە نەگەیشتوونەتە کۆتایی.
مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری ئێستای کرماشان ڕایگەیاندووە کە بە هاوکاریی نوێنەرانی پارێزگا لە مەجلیس و وتووێژ لەگەڵ وەزارەتی وەرزش، دەیەوێ بوودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی مەلەوانگە و ستادیۆمی ٦ هەزار کەسیی دێهکەدەی ئۆلەمپیک ڕابکێشی.
ئەم ئیدعایەی پارێزگاری کرماشان لە کاتێکدایە کە ئەزموونی ساڵەکانی ڕابردوو نیشانی داوە کە بەڵێنی بەرپرسانی ڕێژیم هیچ بایەخێکیان نییە و هیچکات جێبەجێ ناکرێن.