
ناڕەزایەتییەکان دژ بە کوشتنی ئەمیرمحەمەمد خالقی، خوێندکاری زانکۆی تاران، بۆ دووهەمین ڕۆژ بەردەوامی هەبوو و گرووپە جۆراوجۆرەکانی خوێندکاری بۆ سێهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان بانگەوازیان دا.
بەپێی سەرچاوە خوێندکارییەکان، پەردیسی زانکۆی تاران ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان شایەتی کەشێکی ئەمنی و جێگیربوونی هێزە ئەمنییەکان و مەئمورانی لیباس شەخسی بووە.
هەروەها کەناڵی تێلێگرامی "هەواڵنامەی ئەمیر کەبیر" باسی ڕوودانی ململانێی نێوان هێزەکانی حەراسەت و خوێندکارانی کرد کە بەرامبەر بە وێنەگرتنی یەکێک لە مەئمووران ناڕەزایەتییان دەربڕی .
لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی شەممەی زانکۆی تاران بڵاو کراونەتەوە، دروشمی "ئەگەر ئەمڕۆ هاوار نەکەی، خوڵقێنەری سبەی ئەتۆی" وتراوە.
هەروەها بەپێی هەواڵنامەکەی ئەمیرکەبیر، دانیشتووانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ قسەیان لەگەڵ بەرپرسی ئاسایشی زانکۆ کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دیاری بکرێت کە ئەو مەئمورە لیباس شەخسییە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی خوێندکارێکی بریندار کردووە سەر بە چ ڕێکخراوێکە.
یەکەمین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کە ڕۆژی شەممە بەڕێوە چوو و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، بە دەستێوەردانی هێزە لیباس شەخسییەکان و هێزەکانی ئەمنییەتی بەرەو توندوتیژی کێشرا.
ئەمیرمحەممەد خالقی، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی بواری کارگێڕیی کار لە زانکۆی تاران، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان لە گەڕەکێکی نزیک زانکۆی تاران لەلایەن کەسانی نەناسراو بە چەکی سارد هێرشی کرایە سەر و گیانی لەدەست دا.
دوابەدوای ئەوە خوێندکاران بەرامبەر بە سیاسەتەکانی زانکۆکان و نەبوونی ئەمنییەت بۆ خوێندکاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و چەند خوێندکارێک دەسبەسەر کران.
ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی تاران لەگەڵ پشتیوانیی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆکانی دیکە و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بووەتەوە.