کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی پیشەسازیی نەوت لە تاران

10:56 - 28 رێبەندان 2724

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان کۆبوونەوەی گەورەی خانەنشینکراوانی پیشەسازیی نەوت لە شاری تاران بەڕێوە چووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنا، خانەنشینکراوانی ناڕازی داوای پاراستنی سەربەخۆیی سندووقی نەوت و زیادکردنی مووچەکانیان بەپێی هەڵاوسان و گەڕاندنەوەی ماڵیاتی زیادە  کە لە کارمەندانی نەوت دەبڕدرێن دەکەن، هەروەها داوای جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ماددەی ١٠ی یاسای نەوت، دانی دەرمان و چارەسەری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەرامبەر و جێبەجێکردنی پەسەندکراوەکانی کۆدی ٢٣ی خانەنشینکراوانیان کرد.

ئیلنا لە زاری ئەو خانەنشینانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانێکە مافە یاساییەکانمان بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێل دەکرێن؛ دەشڵێت داوا لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی نەوت دەکەین پابەندی یاسا بن و مافە یاساییەکانمان بدەن.

هەروەها هاوکات هێزی گرێبەستکاری موخابراتی کرمان ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان ناڕەزایەتییان نیشان دا و بۆ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان مانیان گرت.

نەدانی ماف، نادادپەروەری لە دانی مووچە، هەروەها کێشەکانی پێوەندیدار بە خەرجییە پزیشکییەکان لە بابەتەکانی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەو کەسانە بوون.