کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی تاران

11:40 - 28 رێبەندان 2724

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە سەرانسەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە کەناڵەکانی خۆیدا بڵاوی کردەوە، پشتیوانیی لە ناڕەزایەتیی خوێندکاران دوابەدوای کوشتنی ئەمیرمحەممەد خالقی، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی بواری کارگێڕیی کار کرد.

ئەم شۆرایە دروشمی خوێندکارانی لەوانە "یەکێکمان بێسەروشوێنە، کێ دەیەوێت وڵام بداتەوە؟"، "ئەو خوێنەی دەڕژێت بەهیچ شتێک ناشۆرێت"،  لە کاناڵەکانی خۆیدا بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ''بوونی بەربڵاوی هێزی ئەمنییەتییەکان لە دەوروبەری زانکۆ پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی خوێندکارانی خۆشەویستە''.

ئەمیرمحەممەد خالقی، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی بواری کارگێڕیی کار لە زانکۆی تاران، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان لە گەڕەکێکی نزیک زانکۆی تاران لەلایەن کەسانی نەناسراو بە چەکی سارد هێرشی کرایە سەر و گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای ئەوە خوێندکاران بەرامبەر بە سیاسەتەکانی زانکۆکان و نەبوونی ئەمنییەت بۆ خوێندکاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و چەند خوێندکارێک دەسبەسەر کران.

دوابەدوای ناڕەزایەتی خوێندکاران، زانکۆی تاران کەشێکی ئەمنیەتی بەخۆوە گرتووە. بەڕێوەبەری خەوتنگەکانی زانکۆی تاران دوای کوشتنی ئەمیرمحەممەد خالقی، دەستی لە کار کێشایەوە.