
لە درێژەی ئەو ڕووداوانەی کە تەندروستی قوتابییانی خستووەتە مەترسییەوە، ٦٥ قوتابیی قوتابخانەی کچانەی پەروین ئێعتسامی لە شاری سایین قەڵا بە هۆی گازگرتووییەوە ژەهراوی بوون.
فەرزین ڕەزازادە، بەرپرسی ئیدارەی فریاکەوتنی ورمێ ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمە، ٥٠ قوتابیی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی پەروین ئێعتسامی لە شاری سایین قەڵا تووشی گازگرتوویی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
سەرەتا ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە ژەهراوی بوون ٥٠ قوتابی ڕاگەیەندرا، بەڵام دوای چەند کاتژمێر ڕیژەکەیان گەیشتە ٦٥ کەس.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ٢٠ کەس لەو قوتابییانە بەشیوەی سەرپێیی چارەسەر و مورەخەس کراون، هەروەها ٢٠ قوتابی هەروا لە ژووری فریاکەوتن ماونەتەوە و ٢٥ کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
هەرچەندە بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە دۆخی قوتابییان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام دووبارەبوونی ئەم جۆرە ڕووداوانە، جارێکی دیکە نائەمنبوونی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێرانی لە سێبەری ناکارامەیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ئاشکرا کردووە.
بەرپرسانی پەروەردە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە گیانی سەدان قوتابی لە قوتابخانەکاندا لە مەترسیدایە، تا ئێستا لە ڕوونکاری ورد سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوە خۆیان بواردووە.
ئەمە یەکەم ڕووداوی لەم جۆرە نییە و لەم ساڵانەی دواییدا حاڵەتی هاوشێوەی گومانلێکراوی ژەهراویبوون و کێشەی ئیمەنی لە قوتابخانەکانی کوردستان و ئێراندا تۆمار کراوە و قوتابییان هەمیشە قوربانیی چاودێری لاواز و نەبوونی ستانداردی ئیمەنی دەبن.