کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٣ میلیۆن کەسیی ژمارەی هەژاران لە ئێران

12:21 - 28 رێبەندان 2724

لە کاتێکدا کە قەیرانە ئابوورییەکان سێبەرێکی قورسیان بەسەر ژیانی خەڵکی ئێراندا کێشاوە، ڕاپۆرتە فەرمییەکان نیشان دەدەن کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣ میلیۆن کەس بە حەشیمەتی خەڵکی هەژاری ئێران زیاد بوون.

فەرشاد مۆئمێنی شارەزای ئابووری لە لێدوانێکدا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ئەم ڕەوتە هۆشداری داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتە ئابوورییە ناکارامەکان، ئێران بەرەو کارەساتێکی قەرەبوونەکراو دەبەن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئامارە فەرمییەکان ڕایگەیاند کە لە نێوان ساڵانی ١٣٨٥ هەتا ١٤٠٠ی هەتاوی ڕێژەی هەژاری لە ئێران نزیکەی ٥ هێندە زیادی کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠ ٪ خەڵک لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لەم جۆرە هەلومەرجانەدا زۆر کەس توانای کڕینی کەلوپەلی سەرەتایییان نەماوە.

مۆئمێنی بە ئاماژەدان بە بەرابەریی گەشەی ئابووریی غەیری نەوتی لەگەڵ گەشەی سەرمایەی غەیری نەوتی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، وتی کە سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێستا لە جیاتی ئەوە پشت بە بنەمای بەرهەمهێنان و کار ببەستێ لەسەر بنەمای فرۆشتنی کەرەستەی خاو و ڕانت ماوەتەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە دابەزینی بەهای دراوی ئێران بەرهەمهێنانی فەلەج کردووە و هیچ نیشانەیەکی کارایی و بەهرەوەرگرتن لەو ئابوورییەدا نییە.

ئەو ئابووریناسە هۆشداریشی دا کە لابردنی هێزی کار لە پرۆسەی گەشەدان، و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و ڕانت، هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی گەشەدان بە ئابووری لەناو دەبات.