
دوابەدوای بەرزبوونەوەی نرخی برنجی ئێرانی بۆ هەر کیلۆیەک ٢٠٠ هەزار تمەن و تەنانەت زیاتریش، ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی پارێزگای تاران بە ئامانجی ڕێکخستنی بازاڕ دابەشکردنی ئەم بەرهەمەی بە نرخێکی هەرزان ڕاگەیاند.
ماڵپەری ''تجارەت نیوز'' ڕۆژی شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بازاڕی برنج لە ئێران لەم ڕۆژانەدا هەڵاوسانی توندی نرخەکانی بەخۆیەوە بینیوە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا نرخی ئەم بەرهەمە سنووری ٢٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.
وەزیری کشتوکاڵی جیهاد لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هەیئەتی وەزیران لە حەفتەی ڕابردوودا باسی ئەم بابەتەی کرد و ڕایگەیاند کە نرخی برنج "ساختەیە" و هۆکاری ڕوودانی ئەم شتەی لە بازاڕی برنجدا بە قۆرغکردن ناو برد.
مێهدی یوونسی، پارێزگاری مازەندەران هەروەها دانی بەوەدا ناوە کە بازاڕی برنج لەو ئێران لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە.
بەپێی زانیارییەکانی تجارەت نیووز، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا نرخی برنج بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، بۆ نمونە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا هەر کیلۆیەک برنجی هاشمی بە نرخی ١٠٨ هەزار تمەن فرۆشراوە و هەروەها برنجی تارەمی ئەسڵی و برنجی دۆم سیا بە ١٠٨ هەزار و ١١٠ هەزار تمەن فرۆشراون.
تجارەت نیووز لە درێژەدا نووسیویەتی: "بەڵام تاوتوێ نرخەکان لە مانگی ڕێبەندان ئاماژە بەوە دەکات کە برنجی هاشمیی گیلان بە نرخی ١٩٨ هەزار تمەن دەفرۆشرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی ٨٣٪ی نرخی برنج لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا".
هەروەها نرخی برنجی تارەمی بەڕێژەی ٤٤٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ١٥٦هەزار تمەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئێران ساڵانە پێویستی بە هاوردەکردنی نزیکەی یەک میلیۆن تۆن برنج هەیە و ئەمساڵیش نزیکەی ٥٠٠ هەزار تۆن برنج هاوردە کراوە. لە سەروبەندی مانگی ڕەمەزان و جەژنی سەری ساڵدا خواست لەسەر برنج لە بازاڕەکانی ئێران زیاد دەکات.