کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی مازووت لە ئێران هەناسەی خەڵکی بڕیوە

10:49 - 14 رێبەندان 2724

سەرەڕای بەڵێنەکانی مەسعوود پزشکییان، سووتاندنی مازووت لەلایەن وزەخانەکانەوە پەرەی سەندووە و مەترسیی جیدیی بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان ساز کردووە.

سومەیە ڕەفیعی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی وەرزێڕیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندان، ڕایگەیاندووە کە هەموو وزەخانەکانی ئێران دەستیان بە سووتاندنی مازووت کردووەتەوە.

ڕەفیعی بە ئاماژەدان بە پیسبوونی کەشوهەوای تاران و کەڵکوەرگرتنی وزەخانەکان لە مازووت، داوای لە ئیدارەی ژینگە و پارێزگاریی تاران کردووە کە چاوەدێریی جیدیی بۆ ئەم بابەتە بکەن.

سووتاندنی مازووت بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا و بەهۆی کەمیی گازەوە بووەتە ڕەوشتێک بۆ وزەخانەکانی ئێران بەتایبەتی لە وەرزی سەرمادا.

لەم ساڵانەدا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر سووتاندنی مازووت لە وزەخانەکان دەربڕیوە و کۆمەڵێک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیشیان بەم بۆنەوە بەڕێوە بردووە.

زیادبوونی سووتاندنی مازووت لە وزەخانەکان لەحاڵێکدایە کە مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا فەرمانی دابوو کە لە چەند وزەخانەدا سووتاندنی مازووت ڕابگیردرێت.

محەممەدجەعفەر قائێمپەنا، جێگری بەڕێوەبەریی پزشکییان، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکی دەوڵەت بۆ پاراستنی تەندروستیی خەڵک ئەم فەرمانەی دەرکردووە.

یەکێک لە بیانووەکانی ڕێژیم لەو کاتەدا بۆ بچڕانی کارەبای خەڵک، ڕاگرتنی سووتاندنی مازووت لەم چەند وزەخانەدا بوو.

مازووت یان هەمان نەوتی ڕەش، لە ڕیزی کەم نرخترین سووتەمەنییەکانە و یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەیە و هەروەها مەترسییەکی جیددی لە سەر تەندروستیی خەڵک دروست دەکات.

محەممەد جەماڵیان، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ئەمساڵدا بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی هەناسە بەهۆی سووتاندنی مازووتەوە، ڕایگەیاندبوو کە فەرمانی سووتاندنی مازووت لە وزەخانەکانی ئێران بۆ جارێکی دیکە، فەرمانی کوشتنی خەڵکە.

سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری وزەدا و نەبوونی وەبەرهێنانی پێویست، بووەتە هۆی قەیرانی نەبوونی وزە لە ئێران و ئەم قەیرانە لە وەرزەکانی زستان و هاوین زیاتر پەرە دەگرێت و ڕێژیمیش بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانی خۆی بە سووتاندنی مازووت، گیان و تەندروستیی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.