
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، جەواد سواری برای فواد سواری لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە دیواندەرە پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.
جەواد سواری لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە هەڕەشەی لێ کرابوو کە لە ئەگەری ئەمادەنەبوون لە ئیتلاعاتی دیواندەرەدا دەسبەسەر دەکرێ.
لە خەزەڵوەری ١٤٠٢شدا، جەواد سواری هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی براکەی بانگی ئیتلاعاتی دیواندەرە کرابوو و هێزەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕ بۆ براکەی دەسبەسەر یان بێسەروشوێن دەکرێ.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی جەواد سواری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، فواد سواری خەڵکی دیواندەرە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کرا.