کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد

12:24 - 29 رێبەندان 2724

وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتی پیشەسازیی یەکگرتوو ناسراو بە ''گرووپی حەوت''، هاوکارییە نیزامییەکانی ئێرانیان بۆ ڕووسیە و کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە چوارچێوەی بەرنامە ناوکییەکەی و پاڵپشتیی تاران لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیان مەحکووم کرد.

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا و ژاپۆن لە گرووپی حەوت و نوێنەری باڵای یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەممە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنییەتی مونیخ لە ئاڵمان کۆ بوونەوە.

لە بەیاننامەی کۆتایی گرووپی حەوت ئاماژە بەوە کراوە کە ئەندامان جەختیان لە پێبەندبوونیان کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردن بە ئامانجی یارمەتیدان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە شەڕی وێرانکەری ڕووسیە لە ئۆکراین" و پێویستیی دابینکردنی گەرەنتی ئەمنییەتیی بەهێز بۆ دڵنیابوون لەوەی کە شەڕەکە دووبارە دەست پێ ناکاتەوە.

ئەندامانی گرووپی حەوت هاوکارییە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و کۆرەی باکووریان بۆ ڕووسیە، هاوکات هاوکارییەکانی چین بۆ مۆسکۆ کە دەتوانێ دوو ئامانجی هەبێت و بۆ مەبەستی نیزامی بەکار بهێنرێت، مەحکووم کرد.

بەیاننامەی گرووپی حەوت بە ڕوونی کردەوەی ناسەقامگیرکەری ئێران لەوانە پێشخستنی خێرایی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکان و گرووپە میلیشیاکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سووری مەحکووم کرد.

وەزیرانی گرووپی حەوت لە بەیاننامەکەیاندا هەروەها سەرکوت و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

هەروەها وەزیرانی دەرەوەی ئەم گرووپە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئۆکراین هۆشدارییان دا کە ئەگەر ڕووسیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بە نیەتێکی باش دانوستان نەکات، ئەوا دەبێت تێچووی زیاتری وەک بەرزبوونەوەی نرخ و گەمارۆی کاریگەر لەسەر نەوت و گاز لە ئەستۆ بگرێت.