
شەوی ٢٩ی ڕێبەندان خاتوو ئایشە زاهیری خەڵکی گوندی دولکان لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو ئایشە کچی بنەماڵەیەکی دیار و ناسراوی ناوچەی ئالانی سەردەشت بوو، ناوبراو ژنێکی مێهرەبان و نیشتیمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو و دڵی بۆ ئازادی لێ دەدا و بە هیوای ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان بوو.
کوڕێکی خاتوو ئایشە بە ناوی نەجمەدین شەریعەتزادە ماوەی چەند ساڵ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە هێزی گیاڕەنگ خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی دەکرد و پێشمەرگەیەکی بەنەزم و دیسیپلین و خۆشەویستی هاوسەنگەرانی بوو، بەداخەوە لە ڕۆژی ٢ی خاکەلێوەی ١٣٧٤ی هەتاوی لە بنکەی پەیوەندییەکانی حیزب لە شاری هەولێر لە کاتی نیگابانی کەوتە بەر دەستڕێژی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کرا و لە گۆڕستانی تۆپزاوای کۆیە لە لای پۆلێک شەهیدی دیکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا .
بەدوای شەهید بوونی نەجمەدین یەکێک لە کوڕەکانی دیکەی خاتوو ئایشە بە ناوی عوسمان هاتە ڕیزی پێشمەرگە و بۆ ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگە بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.