
ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی دەریدەخات نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی چالاکی ئێران بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە و ئەم پرسە دەرخەری ڕادەی دامەزراندنی نافەرمی لە ئێرانە کە بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی٦٠٪ی هەلی کار و پیشە لە ئێراندا نافەرمین.
ڕۆژنامەی ئعتماد لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییدا نووسیویەتی، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ڕابردوودا بە ناچاری لەلایەن ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتییەوە بیمە کراون نزیکەی ١٦ ملیۆن کەس بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتووانی چالاک لە ئێراندا بە نزیکەی ٢٦ ملیۆن و ٤٦٢ هەزار کەس پێشبینی دەکرێت.
لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس یان خۆیان کار دەکەن و داهاتێکی جێگیریان هەیە و هەڵیانبژاردووە کە بیمەی دابینیکردنی کۆمەڵایەتی بەکار نەهێنن، یان لە کەرتی نافەرمیی ئابووریدا کار دەکەن و لە هاوکارییەکانی بیمە بێبەشن.
بەپێی ڕاپۆرتی بەشی جێگری ئابووریی ژووری بازرگانیی تاران، بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی ئێران لەوانە کشتوکاڵ، پیشەسازی و هەندێک بەشی دیکە لە ڕیزی ئابووریی نافەرمیدان و لەم بەشانەدا زۆرێک لەو کارانە بەبێ دانی ماڵییات و پابەندبوون بە یاساکانی کار چالاکییەکانی خۆیان دەکەن.
هەروەها ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی لە ساڵی ١٤٠١ نیشانی دەدات کە پشکی دامەزراندنی نافەرمی لە ئێران ٦٣٪ بۆ ژنانە و ٥٨٪ بۆ پیاوانە. ئەم ڕەوتە پێچەوانەی تێکڕای جیهانییە، کە تێیدا پیاوان پشکی زیاتریان لە دامەزراندنە نافەرمییەکاندا هەیە.
لە ئێران زیاتر ٧٥٪ ی ئەو کەسانەی لە گوندەکاندا کار دەکەن لە بەشی کاری نافەرمیدا هەژمار دەکرێن و هەروەها نیوەی کاری شارەکانیش هەر کاری نافەرمین.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە کاری نافەرمی لە ئێراندا زۆرترین پشکی لە کەرتی کشتوکاڵیدا هەیە و لەسەدا ٧٨ی هەلی کاری ئەم کەرتە نافەرمین.
هەروها هاتووە کە ئابووریی نافەرمی لە وڵاتانی تازەپێشکەوتوودا سەرچاوەیەکی گرینگی بژێوی ژیانە، بەڵام دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کارە فەرمییەکانیش هەبێت و کۆمپانیا نافەرمییەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیا فەرمییەکان دەکەن و خۆدزینەوە لە یاسا و دانی ماڵییات، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کار لە کەرتی کارە فەرمییەکاندا.
بە گشتی گەشەی کاری نافەرمی لە ئێراندا کێشەیەکی جیددییە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت کە پێویستی بە پلاندانان و چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستەمی ئابووری و بیمەی ئێراندا هەیە.
ئەمانە لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە شارەزایان و کارناسانی سەربەخۆ ناکارامەیی سیستەمی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی بە ڕیشەی هەموو قەیرانە ئابوورییەکان و کێشەکانی بژێوی ژیان لە کۆمەڵگەدا دەزانن و بەبێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی هیچ هیوایەک بۆ باشتربوون لە ئارادا نابینن.