
براوەی سەرەکی هەر گەلانی ئێرانن
شاهۆ مەتین
بیست و دووی ڕێبەندانی ئەمساڵ چل و شەش ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران، دژی ڕێژیمی پاشایەتی تێپەڕی. ئەو شۆڕشەی گەلانی ئێران بۆ بەدیهێنانی سەربەستی، ئازدیخوازی و دێموکراسی کردیان و ئاڕمانجیان بوو ڕێژیمێکی گەلی و پێبەند بە پرێنسیپەکانی ئەمڕۆیی دەسەڵاتدارتییان بکات و گەل و ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بە هەموو توانایی و دەڤرایەتییەی هەیتی ببێتە بەشێک لە سیستمی یۆنیوێرساڵ و لە قۆناغەی پاوانخوازی ناوخۆیی و ڕۆڵی پۆلیسی ناوچەیی بێتە دەر و لە سیستمی گۆلۆباڵ بەو ئیمکانە مادی و مەعنەویەی لە سێکتەرە جۆربەجۆرەکان هەیتی کە گەشەسەندوویی، پێشکەوتن و بەختیاری جێگرەوەی ڕێژیمی پاشایەتی کە تایبەتمەندی زاڵی دیکتاتۆریزم وشۆوەنیزم بوو بگرێتەوە.
بەڵام مەخابن شۆڕش لەلایەن تاقمێکی پاوانخواز بە ڕێبەرایەتیی شەخسی خومەینی بەتاڵان بردرا و ئەم جیهانەی گەلانی ئێران ئاواتەخوازی بوون، بەدی نەهات و خومەینیزم بە شۆڕش لەناو شۆڕش هەموو دەرفەتەکانی بۆ دێموکراسی و ئازادی کوشت و لە ڕێگای ئەم کوودەتایەی دژی کەسایەتی، ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی دیکە کردی ،دیکتاتۆریزمیی پاشایەتیی بۆ دیکتاتۆریزمی ئایینی گۆڕی.
شوعاری سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری کە لە نێوەرۆکدا ویستی گەلانی ڕاپەریو دژی ڕێژیمی پاشایەتی بوو دەستیان بەسەر داگیرا و دواتر بە پاشخانی ئیسلامیزم لە ئەندیشە و فەلسەفەی خومەینیزم لە جەوهەر و حەقیقەتی خۆیان سەرەتا لە ئاستی ناوخۆیی و پاشان لە ئاستی دەرەکیدا بەتاڵ کرانەوە.
ئەمڕۆکە چ لە ڕەهەندی نێوخۆیی یا دەرەکی بمانهەوێت شرۆڤەیەک بۆ مانیفێستی سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری لەژێر سایەی سیستمی ڕێژیمی ئیسلامیدا بکەین بەو سیاسەت و پلانەی ڕێژیمی ئاخوندی کە لە هەر دوو بەستێنەکەدا بەڕێوەیان دەبات لێکدژێکی بە تەواو مانا لەو چەمکانەی بەدی دەکرێت.
هەر دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئاخوندی کوودەتای نێوخۆیی ، شەڕی دۆڕاویان لەگەڵ دەسەڵاتی بەعس و،،، هتد ئابووریان بە تەواوەتی تێکڕما و سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریان لە دەستدا و زوو گرێدراوی و پاشکۆیەتیان بەنیسبەت وڵاتانی دەرەوە بۆ دروست بوو، کە ئەمڕۆ پاش زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارێتیان وڵاتی ئێرانیان بە شێوەیەکی ئاشکرا خستووتە ژێر هێژموونی و ئۆتۆریتەی دوو وڵاتی چین و ڕووسیە و ئەگەر جاران دەسەڵاتی قاجارەکان ئێرانیان لەژێر ناوی ڕێکەوتنی گوڵستان و تورکەمەنچایی و ...هتد کردبوو کۆڵۆنیزەی وڵاتانی دەرەکی، ئێستا بە هەمان جیهانبینی، ئێرانی ژێر هێژموونی و پاوانخوازی ڕێژیمی ئیسلامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کۆڵۆنیزەکراوی ڕووسیە و چینە و بەکردەوە دەسەڵاتی ئەمنی، سەربازی دیپڵۆماسی، ئابووری و تەناهی ئێران دوو وڵاتی ڕووسیە و چین بەڕێوەی دەبەن و ئەو دۆخەی ئێران بە تەواوی دۆخی وڵاتێکە کە لە شەڕدایە و هەست دەکەی هەموو شتێک لە ئۆتۆمێسفێرێکی سوورڕێئال لە کاتی ڕووداندایە.
ئازادی کە ویستی هەرەبەرزی تاکی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی و هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز بۆ بەدیهێنانی ئازادی لەلایان ڕێژیمی دیکتاتۆری پاشایەتی بوو و گیانی ئازیزیان بۆ بەخت کرد جارێکی تر لەلایان ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئازادی بەند کرا و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا، بەڵام ڕێبوارانی ڕاستەقینەی ئازادیخوازی لەنێو گەلانی ئێران نە تەنیا سەریان بۆ ویستی لە سێدارەدانی ئازادی دانەنواند بەڵکوو بە ئیمان بە ژیان و کەڕامەتی ئازاد و پاراستنی شکۆیان لەژێر دەسەڵاتێکی ئازاد و سەربەستدا، تێکۆشانی خۆیان درێژە پێدا و بە پێداگرییان لەسەر ئەم بەها جوانانە بەندیخانە بە چۆکدا هات و ئازادی لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە فێندێمێنتالە سەدە نێوڕاستییە ویستی سەرەکی گەلانی ئێرانە.
لە ڕاستیدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بڕوامەندنەبوونی بە دەنگی سەربەخۆیی و ئازادیخوازی خەڵک بە نیسبەت مافی بە حەق و ڕەوای خۆیان چەمکی کۆماری کە بە مانای دەسەڵات لەلایان خەڵکەوە بۆ خەڵک بێت زەوت کردوە و لە مانای ڕاستەقینەی خۆی خست، هەر چەشنە تایبەتمەندێکی سیستمی کۆماری بە مانای ڕاستەقینەی وشە لەژێر پاوانخوازی سیستمی خومەینیزمدا بوونی نەماوە و بە هاتنی سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامی هەر سێ چەمکی سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری لە جەوهەری ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ کرانەوە و بە خوێندنەوەیەکی ئیدئۆڵۆژیانەی خومەینیزم بەلاڕێدا بڕان، بەڵام لە شەڕی نێوان گەل و دەسەڵات، ئەوەی ئێستا ویستی ڕاستەقینەی گەلانی ئێرانە هەر چەشنە گرێدراوی دیکتاتۆریزم و پاوانخوازێکی ڕەد دەکەنەوە و بە تێکۆشانی بێوچانیان دەیانهەوێ ئەم مانیفێستە بکرێتە پاڕادامی زاڵ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پاشەکشەیەکی واتایی و مانایی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کراوە و کۆی بەها و بایەخەکانی ئەم سیستمە حاڵەتی دژەنۆڕمیان بە خۆیان گرتوە و دۆڕاوی سەرەکیی ئەم مەیدانە هەر ئەندێشەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهە و براوەی سەرەکی مەیدانەکەش گەلانی سەربەخۆییخواز، ئازادیخواز و کۆماریخوازی ئێرانن.