
دۆناڵد ترامپ و ئێران، لاپەڕەیەکی نوێ یان دووبارەبوونەوەی ڕابردوو؟
حەسەن قارەمانی
لە ٤ی فێورییە ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سیاسەتی "ئەوپەڕی زەختی" خۆی بەرامبەر ئێران دەست پێ کردەوە، ئەویش بە واژۆکردنی فەرمانی جێبەجێکردن سزا ئابوورییەکانی لە دژی ئێران و هاوکات لەگەڵ ئەوە دەرگای وتووێژیشی لەگەڵ ئێران ئاوەڵا کردوە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە "مەحاڵە ئێران بتوانێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت" و هیواشی دەربڕی کە بتوانرێت لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت. هاوکات هۆشداریشی دا کە ئەمریکا مافی خۆیەتی ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتانی دیکە بکات و هەڕەشەی کرد بێتوو ئێران هەوڵی هێرشکردنە سەری بدات لێکەوتەی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە بەرامبەردا ئێرانی ناچار کردوە بژاردە ستراتیژییەکانی خۆی لەبەرچاو بگرێت. دەمێنێتەوە بزانین ئایا ئەم پێشهاتە تەعبیر لە لاپەڕەیەکی نوێ دەکات لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێراندا، یان تەنیا دووبارەبوونەوەی دانوستانە گرژەکانی سەردەمی خولی یەکەمی دۆناڵد ترامپە.
لێرەدا بە کورتی ئەو هۆکارە تایبەتییانە لەسەر دۆناڵد ترامپ و ئێران لاپەڕەیەکی نوێ یان دووبارەبوونەوەی ڕابردوو دەستنیشان دەکەین؟
سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە خولی یەکەمی ترەمپدا
لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترامپدا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توند جێبەجێ کرا کە داینامیکی نێوان ئەمریکا و ئێرانی گۆڕی. لە مانگی مای ساڵی ٢٠١٨، ترەمپ ئەمریکای لە پلانی کاری گشتگیری هاوبەش ڕێککەوتننامەی بهرجام (JCPOA) کشایەوە کە بە ڕێککەوتنی ئێران ناو دەبرێت و سزاکانی سەرلەنوێ سەپاندەوە کە پێشتر بەپێی ڕێککەوتنەکە هەڵگیرابوون. دۆناڵد ترامپ و ئیدارەکەی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنەکە گرت و بە ناتەواویان زانی بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەروەها بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکیی وڵات و پشتیوانی لە تاقمە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە.
پاشان "هەڵمەتی“ئەوپەڕی گوشار” ئامانجی ئەوە بوو ئێران ناچار بکات بچێتە نێو ڕێککەوتنێکی نوێ کە هەم بەرنامەی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکە و هەم کاروچالاکییە ناوچەییەکانی بخاتە ڕوو. سزا ئابوورییەکان کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران و کەرتە سەرەکییەکانی دیکەی کردە ئامانج، بووە هۆی دابەزینی ئابووری لە ئێران و کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا بوو.
وەڵامدانەوەی ئێران و دەرئەنجامە نێوخۆییەکان:
وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سیاسەتی ئەمریکا، چڕبوونەوەی وردە وردەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بوو، کە بریتی بوو لە تێپەڕاندنی سنوورە ڕێککەوتن لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بۆ پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی. ئەمەش لە چوارچێوەی نائارامی نێوخۆییدا ڕووی دا، کە دابەزینی ئابووری کە لە ئەنجامی گەمارۆکانەوە هاتە ئاراوە، ناڕەزایەتی و ناسەقامگیریی سیاسی زیاتری لێکەوتەوە.
سەرەڕای هێڵی توندی ئەمریکا، سەرکردایەتیی ئێران لە نێویاندا عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامیی ئێران، سەرلەنوێ چاویان لە ستراتیجی خۆی بەرامبەر واشنتۆن کردەوە. سیاسەتمەدارانی ئێران، وەک عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامادەیی خۆیان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران فەتوای مەزهەبی هەیە کە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات. ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستدا دەکرێت وەک نیشانەیەک سەیر بکرێت کە سەرکردایەتی ئێران بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر مەیلی بۆ بەدواداچوونی دانوستان هەیە نەک بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوە.
داینامیکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
هەروەها زەمینەی ناوچەیی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتوە، نفوزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمی کردوە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی وەک ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤.
لە هەمان کاتدا سیاسەتی نێودەوڵەتییش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە. گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" لە دژی ئێران و زیادکردنی گەمارۆکانی سەر نەوتی ئەم وڵاتە، کێشە ئابوورییەکانی ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە. زلهێزەکانی ئەوروپا کە پێشتر زیاتر مەیلیان هەبووە بۆ پشتیوانی لە وتووێژ لەگەڵ ئێران، ئێستا هۆشدارییان داوە لە گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ نەکرێت. ئەم گۆشەگیرییە دیپلۆماسییە بارودۆخی ئێران زیاتر خراپتر دەکات.
ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ
سەرەڕای زیادبوونی گوشارەکان لەسەر ئێران و گۆڕانی هەلومەرجی جیۆپۆلەتیکی، هەم ئاڵنگاری و هەم دەرفەت بۆ ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە. یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان، بێمتمانەیی مێژوویی نێوان ئەو دوو وڵاتیە، کە دانوستانەکان ئاڵۆزتر دەکات. بێمتمانەیی لەمێژینەی ئێران بە مەبەستی ئەمریکا و گومان بوونی واشنتۆن لە تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران، دەتوانێ بەربەست بخاتە بەردەم بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان. هەروەها هۆکارە سیاسییە نێوخۆییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن. لە هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و ئێران، کوتلەی سیاسی هەن کە دژایەتی ئیمتیازەکان دەکەن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی خاوبوونەوەی دانوستانەکان .
ئاڵنگاریکی دیکەی بەرچاو، کاریگەری ئەکتەرە دەرەکییەکانی وەک ئیسرائیل و سعودیە، کە ئێران وەک هەڕەشەیەکی ناوچەیی سەیر دەکەن و ڕەنگە هەوڵی کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بدەن بۆ ڕێگریکردن لە ڕێککەوتنێک کە پێیانوایە سوودی بۆ ئێران دەبێت.
ئەنجام:
لە کۆتاییدا پرسیارێک کە ئایا ئەمریکا و ئێران دەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ کە کۆتایی بەو ململانێیە لەمێژینە بهێنێت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بگەڕێنێتەوە، لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزە و پێشبینیکردنی قورسە. چەند هۆکارێک هەن کە دێنە گۆڕەپانەکەوە و پرۆسەکە هەم چالاک و هەم پێشبینی نەکراو دەکەن. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە بێمتمانەیییەکی قووڵی ڕەگداکوتاوە کە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا پەرەی سەندووە. ئەم بێمتمانەییە بەربەستێکی بەرچاوە لەبەردەم دانوستانەکاندا، بەو پێیەی هەردوولا گومانیان هەیە لە نیازی لایەنی بەرامبەر و ئامانجە درێژخایەنەکان. زۆرجار ئێران سیاسەتەکانی ئەمریکا بە ئیمپریالیستی و دەستێوەردانگەرانە دەڕوانێت، لە کاتێکدا ئەمریکا ئێران وەک هێزێکی ناسەقامگیرکەر لە ناوچەکەدا دەبینێت و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و نۆرمەکانی نێودەوڵەتی دەکات.
جگە لەوەش، دانوستانەکان بەهۆی هۆکارە سیاسییە نێوخۆییەکانی هەردوولا ئاڵۆز دەبن. لە ئەمریکا دژایەتی توندی کوتلە سیاسییەکان هەیە کە ئیمتیازدان بە ئێران بە خیانەت و مەترسی ئەمنی دەزانن، بە تایبەت کاتێک باس لە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و چالاکییەکانی ناوچەکە دەکرێت.