کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیمە لە ئێراندا دەرمانی شێرپەنجە ناگرێتەوە

11:08 - 14 رێبەندان 2724

یاشا مەخدوومی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆئانکۆلۆژیی ئێران، ڕاایگەیاندووە کە نرخی دەرمانی نوێی شێرپەنجە بۆ هەر بەکارهێنانێک، بەپێی دۆزی دەرمان لە ١٠ میلیۆنەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دەبێت، و لە ئێستادا بیمەکانی ئێران وایان کردووە کە بیمە ئەو دەرمانانە لەخۆ نەگرێت.

پێشتر پزیشکێکی دەرمانساز لە تاران ڕایگەیاندبوو کە دەرمانی هەندێک نەخۆشیی تایبەت و ژمارەیەک دەرمانی شێرپەنجە لەو وڵاتەدا زۆر کەم بوون و دەگمەن دەست دەکەون و نرخی هەندێک لە دەرمانی شێرپەنجە تەنانەت نزیکەی میلیاردێکیش بەرز بوونەتەوە.

ئەو دەرمانسازە جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە کارەساتێکە و تەنها بە سەردانکردنێکی ناوەندەکانی شێرپەنجە لە قووڵایی ئەو کارەساتە تێدەگەیت.

هەروەها ناوبراو  باسی لەوە کرد کە ڕێکخراوەکانی بیمە تا شەش مانگ پارە بە دەرمانخانەکان نادەنەوە، هەروەها ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو دە یان تەنانەت یازدە مانگیش تێپەڕیبوو کە پارەکەیان نەدابوو، و ئەمەش وای کرد ژمارەیەک دەرمانخانە بە تەواوی واز لە کارکردن لەگەڵ بیمەکانی ئێران بێنن.

شپرزی لە بەڕێوەبردنی بوودجە و تێچووی زۆری دەرمان و کەمیی دەرمان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان کەمتر لە پێویست دەرمان بکڕن و بەکاری بهێنن یان ماوەی دیاریکراوی بەکارهێنانی چارەسەرییەکان و دەرمانەکان بە ناتەواوی بێڵنەوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە جێگری بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران ڕایگەیاندبوو کە شێرپەنجە ڕۆژانە گیانی نزیکەی ٢٠٠ کەس لە ئێران دەستێنێ و بووەتە دووهەم هۆکاری سەرەکیی مردن لە ئێراندا.

کێشەی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان لە ئێراندا تەنیا پێوەندی بە دەرمانەوە نییە، بەڵکوو کەمبوون و نەبوونی ئامێری پێوەندیداریش بووەتە کێشە.

سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆئانکۆلۆژی باسی لە کەمیی ئامێری ڕادیۆتراپی (لە ئێراندا کردووە.

یاشا مەخدوومی بە ئاماژەدان بە ستانداردە جیهانییەکان و ژمارەی دانیشتووانی ئێران کە ٨٠ ملیۆن کەسە، باس لەوە دەکات کە نزیکەی ٣٠٠ ئامێر پێویستن، لە کاتێکدا لە ئێستادا نزیکەی ١٣٠ ئامێر لە وڵاتدا کار دەکەن و زۆرێک لەو ئامێرانە کۆن بوون.

لەم پێوەندییەدا ئەندامێکی مەجلیسی ڕێژیم وتی کە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئاڵوگۆڕی دراو، تێچووی هاوردەکردنی پێداویستیی پزیشکی زیاتر لە ١٠ هێندە زیادی کردووە، بۆیە لە ئێستادا نەخۆشخانەکانیش توانای کڕینیان نییە و ئەوە کارەساتە.