کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠٤ زیاتر لە ١٠ وەزارەتخانە دەبێت

11:20 - 30 رێبەندان 2724

ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم دەریدەخات پشکی ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ لە بوودجەی گشتیی دەوڵەت لە ساڵی ١٤٠٤ لە بوودجەی ١٠ وەزارەتخانە زیاترە و نزیکەی ٣٥ هەزار میلیارد تمەنە.

ئەم ڕێژەیە لە بوودجەی ئەمساڵدا ٢٤ هەزار میلیارد تمەن هاتووە، کە سێ بەرابەری ساڵی ڕابردووە.

پشکی دەنگوڕەنگ لە بوودجەی گشتی بەرابەرە بە کۆی بوودجەی وەزارەتەکانی نەوت و داد و کاروباری دەرەوە و میراتی فەرهەنگی و هەروەها لەگەڵ بوودجەی وەزارەتی جیهادی کشاوەرزی بەرابەری دەکات.

جگە لە پشکی زۆری ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ لە بوودجەی گشتی، نزیکەی ٨ هەزار میلیارد تمەنیش وەک داهات بۆ ئەم دامەزراوە میدیاییەی ڕێژیم مەزەندە دەکرێت و بە هەژمارکردنی ئەم بڕە پارەیە، کۆی گشتیی بوودجەی ئەم ڕێکخراوە دەگاتە نزیکەی ٤٣ هەزار میلیارد تمەن.

هەروەها بوودجەیەکی هاوشێوە بۆ ئەو دامەزراوانە کە کارکردێکی هاوشێوەیان هەیە، وەکوو حەوزەی عێلمیە، ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی، جامعەلمستەفا، ستادی ئەمر بە مەعروف، ناوەندی پاراستنی بەرهەم و بەهاکانی دیفاعی موقەدەس و دامەزراوەی پەروەردەیی ئیمام خومەینی و ... تەرخان کراوە.

ئەم ڕێژەیە لە بوودجە بۆ دامەزراوە تەبلیغاتییەکان لەگەڵ پشکی بوودجەی وەزارەتی وزە لە بوودجەی گشتیی دەوڵەتدا بەرابەری دەکات، دامەزراوەیەک کە لە ساڵانی ڕابردوودا نەیتوانیوە بەڵێنەکانی خۆی بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبا جێبەجێ بکات و وڵاتیش ڕووبەڕووی قەیرانێکی بەرچاوی کەمیی کارەبا بووەتەوە.

بوودجەیەکی وەها زۆر بۆ ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ، لە کاتێکدایە کە ئەم رێکخراوە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی دابەزینی بینەر بووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپرسییەی کە لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵدا لەلایەن ئیسپا (ناوەندی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران)ـەوە ئەنجام دراوە، تەنیا ١١.٥٪ی خەڵک چاو لە فیلم و سریاڵەکانی تلویزیۆنی ئێران دەکەن و تەنیا ١٢.٥٪ی خەڵک هەواڵەکان لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی وەردەگرن.