کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکرانی دووبارەی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد

11:23 - 30 رێبەندان 2724

یووسف حاجی خۆش، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد، خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ جارێکی دیکە لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر "ئەنساری" بە ١٠ مانگ بەندکران سزا درا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بەرەی یەکگرتووی کورد بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بە بێ ئاماژە بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ئەندامەی خۆی ڕایگەیاند: "بە پێداگری لەسەر بێتاوانبوون و دۆسییەسازی دژی یەکێک لە ئەندامانی خۆمان، چاوەڕوانیی پێداچوونەوەی دووبارەمان لە دادگوستەریی پارێزگا هەیە و ئەگەری هەر مەترسییەک بۆ سەر یووسف حاجی خۆش لە چاو دەزگای دادوەرییەوە دەبینین."

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ئەم ئەندامەی لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کوردە لە بەندیخانەی شنۆوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کوردە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی سەرەتا ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرابوو.

یووسف حاجی خۆش پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر "ئەنساری" بە  تۆمەتی هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣، یووسف حاجی خۆش بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرابوو.