
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لۆمۆند، بێ هیوایی خەڵک گەیشتووەتە ڕادەیەک کە ئامادەن لە ژێر بوردومانی دەرەکیدا بکوژرێن بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆت و بەندەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕزگار بکەن، چونکە بارودۆخی زاڵ لە ئێران زۆر کارەساتبارترە.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی زۆر کەس ڕوودانی ڕاپەڕینێکی نوێی جەماوەری بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەزانن. هەمووان چاوەڕوانی ڕووداوێک و تەقینەوەی تووڕەیی گشتین، هەرچەند دەستپێشخەرییەک بۆ یەکخستنی خەڵکی ناڕازی لە ئارادا نییە و هەر ئەمەیە کە کۆماری ئیسلامیی لەسەر پێ هێشتووەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری یاساناسێکەوە سەبارەت بە بێهیوایی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر چەقبەستوویی سیاسیی و قەیرانی ئابووریی پەککەوتکەری وڵات نووسیویەتی، دوای دژایەتییەکی ڕوون و فەرمیی عەلی خامنەیی بۆ هەر دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا، وشەکانی وەک "ترس، نائومێدی، خەمۆکی، تووڕەیی''، لە کۆڵان و شەقامەکاندا بووەتە وێردی سەر زاری خەڵک.
بەربڵاوی و بێکاریگەریی ئۆپۆزسیۆن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و نەبوونی توانایی بۆ دیاریکردنی ئاڵتێرناتیڤێک لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی، بێهیوایی گشتیی لە ئێراندا چڕتر کردووەتەوە.
لۆمۆند ئاماژەی بەوە کردووە ڕێژیمی ئیسلامی لەبری بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرکوتی هاووڵاتییانی بەهۆی تێبینی ڕەخنەگرانەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چڕتر کردووەتەوە.