ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی نەیشابوور بە توندی ڕەخنەیان لە دۆخی خراپی خزمەتگوزاری و خواردنی زانکۆ گرتووە و دەڵێن بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆ ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی خوێندکاران دابین بکات.
لە نامە و بۆچوونە بڵاوکراوەکاندا، خوێندکاران باس لەوە دەکەن کە دۆخی خواردن و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە و هەر کاتێکیش ناڕەزایی دەردەبڕن، لە وڵامدا نەبوونی بودجە دەکەنە بیانوو.
هەندێک لە خوێندکاران پرسیاریان کردووە ئەگەر بودجە نییە، ئەو پارەیەی لە خوێندکاران وەردەگیرێت بۆ چی بەکار دێت. ئەوان هەروەها ئاگاداری دەدەن کە زانکۆ لە ئێستادا ناتوانێت خزمەتگوزارییەکی گونجاو دابین بکات و ئەگەر ژمارەی خوێندکاران زیاد بکات، دۆخەکە خراپتر دەبێت.
لە کاتێکدا زانکۆکان دەبێت شوێنی پشتگیری و گرینگیدان بە خوێندکار بن، ئێستا زۆرێک لە خوێندکاران هەست بەوە دەکەن کە لە لیستی گرینگییەکانی دەسەڵاتدا دوا کەوتوون و کێشە سەرەتاییەکانیان بەبێ چارەسەر جێهێڵراون.