
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە تاران لەگەڵ ڕێبەرانی جیهادی ئیسلامی کە بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ ئێران سەفەریان کردبوو، کۆ بووەوە. هاوکات حیزبوڵڵا لقی نوێی سندووقەکانی قەرزولحەسەنەی بۆ دابەشکردنی هاوکاریی دارایی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لەم دواییانەدا کۆماری ئیسلامی لە نێوان یەک میلیارد و سەد میلیۆن تمەن هەتا یەک میلیارد و سێسەد میلیۆن تمەنی بۆ هەر بنەماڵەیەک کە بە هۆی شەڕی لوبنانەوە زیانیان بەرکەوتووە، تەرخان کردووە، هەتا بۆ کڕێ خانوو و کڕینی کەرەستەی نێوماڵ بەکار بهێنرێت.
نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی نوێی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەم هاوکارییانەی بە "دیاریی کۆماری ئیسلامی" وەسف کردووە.
بە لێکۆڵینەوە لە لێدوانەکانی نەعیم قاسم دەردەکەوێت کە جگە لە پێدانی بڕە پارەی نێوان ١٢ بۆ ١٤هەزار دۆلار بە دانیشتووانی بەیرووت و ناوچەکانی دیکە، بڕە پارەیەکی دیکەش وەک دیاری لەلایەن خامنەیی و سپای پاسدارانەوە بەسەر ٢٣٣ هەزار و ٥٠٠ بنەماڵەی لوبنانیدا دابەش کراوە.
تێکڕای ئەم یارمەتییانە بۆ هەر خێزانێک ٣٢٩ دۆلار بووە کە بە ٧٧ میلیۆن دۆلار بەراورد دەکرێت. ئەم بڕە پارەیە، لەگەڵ نرخی ئاڵوگۆڕی ئێستای بازاڕی تاران، بەرابەرە بە زیاتر لە حەوت تریلیۆن و ١١٤ میلیارد تمەن.
ئەوە لە حاڵێکدایە بڕە پارەی زیاتر بە شێوەی هاوکاری نەختینە بەو خێزانانە دراوە.
نەعیم قاسم و حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵا لە وتارەکانیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە دوای شەڕەکانی ساڵی ٢٠٠٦ و ململانێکانی ئەم دواییە هەمیشە لە ئاوەدانکردنەوەی لوبنان بەرپرسیار بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نێوخۆی ئێران، مەسعوود پزشکییان، سەرۆککوماری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی، دەوڵەت بە ئیزنی خامنەیی، بە ناچاری یەک میلیارد دۆلاری دیکە لە سندووقی گەشەی نەتەوەیی بێنێتە دەر بۆ ئەوەی بتوانێت پێش نەورۆز دوو قۆناغی دابەشکردنی کاڵای کۆپۆن ئەنجام بدات.
هاوکات زۆرێک لە خەڵکی ئێران بە هۆی کێشەی ئابووری تەنانەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک و دەرمانیش بەرەوڕووی کێشەی جیددی بوونەتەوە.