کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كتێبی‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ حیزب به‌ شێوه‌ی‌ نهێنی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌

11:18 - 1 رەشەمه 2724

کتیبی ''تاڵی و خۆشییەکانی پەنجا ساڵ خەبات'' بە قەڵەمی خوالێخۆشبوو فەرماندەی تێکۆشەر قادرخان سوڵتانپەنا به‌ شێوه‌ی‌ نهێنی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.

ئه‌م كتێبه‌ پێشتر له‌ ساڵی‌ ٢٠٢٣ زایینی له‌ وڵاتی سوید چاپی یەکەمی بڵاو کرابووەوە.

ئەم بیرەوەریانە مێژووی ژیان و بەسەرهاتی مرۆڤێکی شۆڕشگێرە کە زیاتر لە نیو سەدەی تەمەنی بەختی وەدەسهێنانی ماف و ئازادیی گەلەکەی کردووە. بڕیار بوو ئەم بەرهەمە لە سەردەمی ژیانی نووسەردا چاپ و بڵاو بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا.

نووسەری ئەم کتێبە کاک قادر کوڕی ئاغا ساڵحی ڕەنگەڕێژان ناسراو بە قادرخان سوڵتانپەنا لە ساڵی ١٣١٣ لە گوندی "تاڵەجەڕ"ی ناوچەی سەرشیوی سەقز لە دایک بووە و ساڵی ١٣٨٧ لە کۆیە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆیە نێژراوە.

لە کتێبەکەدا باسی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕووداوەکانی سەردەمی پێش بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕێژیمی نگریسی خومەینی و پاشان بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕێژیمی پەت و سێدارە بە چڕ و پڕی دەکرێت.

بە گشتی ئامانجی نووسەر ئەوەیە باسی هەوڵ‌ و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی لە کوردستان و بە تایبەت  لە سەقز و ناوچەی سەرشیو بکات.

ئه‌م كتێبه‌ له‌م مانگه‌دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان به‌ شێوه‌ی‌ نهێنی‌ چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێک هاوڕێبازی‌ شه‌هید قادرخان له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بۆ ئه‌م چاپه‌ زه‌حمه‌تیان كێشا.

قادر سوڵتانپەنا، کوڕی ساڵح ساڵی ١٣١٣ لە گوندی تاڵەجاڕی سەقز لە دایک بوو. ناوبراو تا پۆلی چواری دواناوەندی دەرسی خوێندبوو و لە ساڵی ١٣٣٦دا بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ١٣٤٢ لەلایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بەندیخانەدا بوو.

ناوبراو یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی حیزب لە ناوچەی سەقز بوو. ساڵی ١٣٥٨ فەرماندەی هێزی شەهید عەزیز یووسفی بوو و لە ساڵی ١٣٥٩دا بەرپرسی کۆمیتە شارستانی سەقز و ماوەیەکیش بەرپرسی کۆمیتە شارستانی دیواندەرە بوو.

قادر سوڵتانپەنا، ماوەیەک هاوکاریی ڕۆژنامەی نەکەرۆزی دەکرد و ساڵی ١٣٦٤ لە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیدا ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبرد. ناوبراو ساڵی ١٣٧٣ بۆ ماوەی ٩ مانگ بەرپرسی ناوەندی دوو بوو و ساڵی ١٣٧٦ لە بازیان بەرپرسی کۆمیتەی بانە و پاوە بوو. قادر سوڵتانپەنا، کادری پلە دوو بوو و لەم دواییانەشدا لە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیدا کاری حیزبی بەڕێوە دەبرد.