
شۆرای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی بەشکۆی نەورۆزی ئەمساڵ بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، بانگهیشتی خەڵكی کوردستان بۆ بەشداری لە نەورزۆی ئەمساڵدا کرد.
دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان!
کەسایەتییە بەڕێزەکانی کوردستان!
ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی نیشتمانە مەزنەکەمان!
نەورۆز، هەر ئەو جۆرە کە ژیانەوە و سەرهەڵدانەوە لە دوای خەوێکی درێژخایەنە، موژدەی وەرزێکی نوێ و ھێمای بووژانەوە و بەهێزکردنی تەباییە بۆ کورد. نەورۆز دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرگری لە شوناسی کوردی و گەیاندنی دەنگی ئاشتیخوازیمان بە هەموو لایەک.
بە بۆنەی ساڵی نوێ و نەورۆزی پیرۆزی کوردەوارییەوە داوا لە ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان دەکەین بە یەکگرتووییەوە بەشداری لە ئاھەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بکەن و بیسەلمێنن کە بۆ کورد نەورۆز سەمبولی ئاشتی و تەباییە و ئاگری نەورۆز، یەکێک لە هێماکانی نەتەوەیەکی کەونارایە.
دیارە زۆر لە نەتەوەکانی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەورۆزیان هەیە، بەڵام نەورۆزی کوردەواری جیاوازە لە نەورۆزی نەتەوەکانی تر، ئاوێتەیەکە لە فەرهەنگ، گۆرانی، سروودی نیشتمانی و جلوبەرگ و شایی و، کۆتا وتە؛ کاڕناواڵی شوناسە.
سەبارەت بە خێرایی ڕووداوە ناوچەیی و گۆڕانکارییەکان، چاوەڕوانی دەکرێت کە نەورۆزی ئەمساڵ، جیاوازتر و بەربڵاوتر و گەرم و گوڕتر بێت و خاکیپۆشانی کوردستانی نەورۆزێک بە پانتایی کوردستان بگێڕن، لە لۆڕستان و ئیلامەوە تاکوو ماکۆ و ناوچە کوردنشینەکانی وەک قەزوێن و خوراسان و تاران.
ئەمساڵ چاوەڕوانی دەکرێت بۆنەکانی جێژنی نەورۆز نزیکەی ٤٥ ڕۆژ درێژەی هەبێت و کچانی هەوری و جامانە لەبەر و کوڕانی خاکیپۆش و جامانە لە ملی وڵات بیکەنە کارناواڵی شوناس. هەر بۆیە لەم ڕێگاوە داوا لە هەموو میوانە نەورۆزییەکان دەکەین بە بەشدارییان لە بۆنەکانی نەورۆزی کوردەواری، ڕەنگ و ڕواڵەتێکی تر بە کاتەکانی پشووی سەری ساڵیان بدەن و دیارە بەوپەڕی حورمەت و ڕێزەوە میواندارییان دەکەین، هەروەها داوا لە میدیاکانی باشووری نیشتمانمان دەکەین کە بەڕووماڵکردنی چالاکانەی بەرنامەکانی نەورۆز و چالاکییەکانی ئەم کەمپەینە ئەوپەڕی هاوکاریی کوردانەی خۆیان وەک ڕابردوو بەجێ بهێنن.
هەروەها داوا لە کەسایەتییەکانی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین بەهەر شێوازێک بۆیان دەکرێ، پشتیوانی لە کەمپەینی بەڕێوەچوونی بەشکۆی نەرۆزی خاکیپۆشانی ئەمساڵ بکەن.
بە هیوای نەرۆزێکی بەتین
شۆرای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی