کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەگەڵ چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر گرووپە نیابەتییەکانی تاران، فەرماندەی حەشدی شەعبی سەردانی ئێرانی کرد

11:52 - 1 رەشەمه 2724

هاوکات لەگەڵ شکەستە بەرفراوانەکانی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەکانیان لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل چڕتر کردەوە، هاوکات فالح فەیاز فەرماندەی هێزەی حەشدی شەعبی لە عێراق لە سەردانێکدا بۆ ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم کۆ بووەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا نێوخۆییەکان، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، فەیاز لە دیدارێکدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی ڕاوێژکاری لە نێوان بەرپرسانی ئێران و عێراق سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە کردەوە.

عێراقچی بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە هێزە نیابەتییەکانی لە عێراق و تەواوی ناوچەکە، بە پێویستی زانی کە ڕاوێژکاری لە نێوان بەرپرسانی بەغدا و تاران سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە بەردەوام بێت.

هەروەها فەیاز پێشتر لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری عەلی خامنەیی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی نیشتمانی کۆ بووەوە و لەسەر دوایین دۆخی ناوچەکە و هاوکارییەکانی تاران و بەغدا گفتوگۆیان کرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بڵاو کراونەتەوە، فەیاز داوای لە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی نیشتمانیی ئێران کردووە کە تاران ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان گرووپە جیاوازەکانی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە دوای ڕووخانی ڕێژێمی ئەسەد، ڕاپۆرتی جۆراوجۆر سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بڵاو کراوەتەوە.

هێزی حەشدی شەعبی لە هێزە نیابەتییانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەیە و تا ئێستاش وەک گرووپە نیابەتییەکانی دیکە گورزی قورسیان بەرنەکەوتووە و کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا پارەیەکی زۆری بۆ بەهێزکردنی ئەم هێزە خەرج کردووە.

لە لایەکی دیکەوە خامنەیی لە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباردا لە دیدارێکدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەوڵ دەدات ئامادەیی خۆی لەو وڵاتە فراوانتر بکات و پێویستە حکوومەتی عێراق هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکەی شیعە کە تاران پاڵپشتیان دەکات، زیاتر لە ڕابردوو بەهێزیان بکات.

داوای خامنەیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کاتێکدایە کە بە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و کوژرانی سکرتێر و فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان ئەو گرووپانە بە توندی لاواز بوون.

هەروەها ئەو داوایەی خامنەیی دوای ڕەتکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان کە ئاماژە بە زیادبوونی ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن هاتووە، و هەوڵ و هەڵوێستەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە توند بووەتەوە و لە ئێستادا هەوڵ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە نیابەتییەکانی خۆیان لە ناوچەدا دەدەن.